وەزارەتی بەرگری ئیمارات: ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک

وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی ئیمارات رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەیی و وریایی دان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری کە ئاسایشی وڵات بکاتە ئامانج.

چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، عەمید روکن عەبدولناسر حەمیدی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگری ئیمارات، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکان هەوڵ دەدەن ئاستی ئامادەیی خۆیان بە بەرزی بهێڵنەوە، گوتیشی،" ئێمە ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی هەر هەڕەشەیەک،" ئاماژەی بەوەش کرد، سیستەمی بەرگری ئیمارات لە ماوەی رابردوودا و لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوچەییەکاندا کارایی و لێهاتوویی خۆی سەلماندووە.

حەمیدی گوتیشی: "ئێمە ئەمڕۆ لە چاو دوو مانگ لەمەوبەر لە بارودۆخێکی زۆر باشتر و ئامادەییەکی بەرزترداین و زانیاری وردترمان لەسەر هەڕەشە ئەگەرییەکان هەیە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەمیدی تیشکی خستە سەر پەرەپێدانی توانا بەرگرییەکان و رایگەیاند، وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیای نوێ و بەتایبەت "ژیری دەستکرد" (AI) لە پێشینەی کارەکانی وەزارەتی بەرگرییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە نائاساییەکان.

لە کۆتاییدا عەمید حەمیدی جەختی کردەوە، ئاسایش و گەشەپێدان دوو رووی یەک دراون و هێزە چەکدارەکان رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی ئەو مۆدێلە ئابوورییە پێشکەوتووەی کە ئیمارات بونیادی ناوە.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دوای ئەوە دێت، لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک هێرشی درۆمی لە لایەن ئێرانەوە کرایە سەر ئیمارات، بە هۆیەوە 3 هاوڵاتی بە رەگەز هیندی بریندار بوون.