چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پۆستەکان رێکنەکەوتوون

ناکۆکییەکانی ناو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر شێوازی دابەشکردنی پۆستە سیادی و وەزارییەکان بەردەوامە، ئەمەش بووەتە هۆی رێکنەکەوتنی کۆتایی لەسەر خاڵبەندی پۆستەکانی حکوومەتی داهاتوو.

عودەی خەدران، سەرکردە لە رێکخراوی بەدر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکوومەت تا ئێستا لەسەر رێکاری دابەشکردنی خاڵەکان بۆ جێگرانی سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکوەزیران و وەزارەتەکان رێکنەکەوتووە. 

بە گوتەی ئەو، دوو پێشنیاز بۆ جێگرەکان هەیە، یەکێکیان دەڵێت، جێگری سەرۆکەکان بە 12 خاڵ هەژمار بکرێن، پێشنیازەکەی دیکەش دەڵێت جێگرانی سەرۆک دەبێت بە 10 خاڵ هەژمار بکرێن.

عودەی خەدران، ئاماژەی بەوە دا، هەوڵێکی زۆر هەیە ئەو وەزیرانەی ئێستا لە حکوومەتدان دووبارە نەبنەوە بە وەزیر و کەسی نوێ لە شوێنیان دابنرێت، بەڵام رێککەوتن لەسەر ئەمەش نەکراوە. 

ئەو سەرکردەیەی رێکخراوی بەدر، ئەوەشی خستە روو، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تا رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئایار، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر شێوازێک و ناوی بەربژێرەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان رێکدەکەوێت.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کارنامەی حکوومەتی رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لایەنەکان کردووە.

 بڕیارە ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە حکوومەت بەڕێوە بچێت. بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانیش، پێشبینی دەکرێت تەنیا نیوەی کابینەی حکوومەت دەنگی لەسەر بدرێت.

سیستەمی "خاڵبەندی" لە عێراق یەکێکە لە رێکارە باوەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بە جۆرێک هەر کورسییەکی پەرلەمان بەرانبەر بە ژمارەیەکی دیاریکراو لە خاڵ هەژمار دەکرێت. لایەنە سیاسییەکان بەپێی کۆی گشتی خاڵەکانیان، مافی وەرگرتنی وەزارەتەکان یان پۆستە باڵاکانیان پێ دەدرێت.