سوپای ئیسرائیل: لە 24 کاتژمێری رابردوودا 85 پێگەی حزبوڵڵامان لە لوبنان بۆردومان کردووە

وێنەی بۆردومان کردنی خاکی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە
وێنەی بۆردومان کردنی خاکی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026، رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر خاکی لوبنان، 85 هێرشی ئاسمانی و زەمینییان بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا ئەنجامداوە، کە کۆگای چەک و سەکۆی موشەکییان تێدابووە.

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، "هێزەکانمان بەردەوامن لە ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ لادانی ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی مەدەنییان و سەربازانی ئیسرائیل دەبنەوە لە باشووری لوبنان."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، ئەو 85 پێگەیەی کراونەتە ئامانج بریتین لە کۆگای چەک، سەکۆی هاویشتنی موشەک و چەندین دامەزراوەی سەربازی کە حزبوڵڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاریهێناون.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە؛ لە دەشتی "بیقاع" پێگەیەکی ژێر زەوییان پێکاوە کە حزبوڵڵا بۆ دروستکردنی چەک و کەرەستەی جەنگی بەکاریهێناوە، بە ئامانجی زیان گەیاندن بە هێزەکانی ئیسرائیل.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، سوپا توانیویەتی کۆمەڵێک لە چەکدارانی حزبوڵڵا بکاتە ئامانج کە سەرقاڵی ئەنجامدانی هێرش بوون دژی سەربازانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.

سەبارەت بە هێرشەکانی حزبوڵڵا، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا چەند موشەکێک ئاراستەی سەربازەکانیان لە باشووری لوبنان کراوە و موشەکەکان لە نزیک یەکێک لە سەربازەکان کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیلدا تۆمار نەکراوە.