سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 09ـی ئایاری 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە کۆشکی "دۆڵمە باخچە" لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەەکدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
هەروەها سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، سەرۆککۆماری تورکیا نیگەرانی و خەمباریی قووڵی خۆی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر لە جەنگی ئێران دەربڕوە؛ سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە کە تورکیا نایەوێت ئاگر و پێکدادانەکان پەل بکێشن بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە و لەم قۆناغەدا هاوسۆزی و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و وزە و گواستنەوەکان کرا. ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە تورکیا سوورە لەسەر بەهێزکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ بەغدا و هەولێر، بەتایبەت لە پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕێگەی گەشەپێدان" کە پێیوایە سوودی گەورەی نەک تەنیا بۆ عێراق، بەڵکوو بۆ هەموو ناوچەی کەنداو دەبێت.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد و جەختی کردەوە کە ئەوان دەیانەوێت ئارامی و ئاسایش هەم لە ناوخۆی وڵاتەکەیان و هەم لە وڵاتانی دراوسێشدا جێگیر بێت، بۆ ئەمەش هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانن.


هەر ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئیستانبوڵ بە جیا لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەیانیی ئەمڕۆ، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری ئیستانبوڵ و بڕیارە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە، وزە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی تورکیاش کۆببێتەوە.