ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی پارتی دەگەڕێنەوە بەغدا
فراکسیۆنی پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق و متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی.
ئەمڕۆ شەممە، 09ـی ئایاری 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان 24ـی راگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە و ئەمڕۆ بەشێک لە پەرلەمانتاران دەگەڕێنەوە بەغدا و رەنگە بەشێکی دیکەشیان سبەی بگەنە پایتەخت.
لەلایەکی دیکەوە ئاڤێستا مام یەحیا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی دەگەڕێنەوە بەغدا و بەشداریی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەکەی زەیدی دیاری نەکراوە، بەڵام جەختی کردەوە فراکسیۆنەکەیان بەشداریی دانیشتنەکان دەکات و دەنگ بە کابینەی نوێ دەدات.
هاوکات شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، روونی کردەوە، رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایار یان سێشەممە، 12ـی ئایار، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی کۆدەبێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر تاوەکوو رۆژی سێشەممە پەرلەمان متمانە بە عەلی زەیدی نەدات، ئەوا رێژەیەکی زۆری پەرلەمانتاران دەچنە فەریزەی حەج و ئەستەم دەبێت زەیدی بتوانێت حکوومەت پێکبهێنێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا دووبەردانی ئەوەشی خستە روو، ئەگەر رێککەوتن لەسەر تەواوی پۆستەکانیش نەکرێت، رەنگە نیوەی کابینەکە متمانەی پێ بدرێت و دوای گەڕانەوەی پەرلەمانتاران لە حەج، متمانە بە وەزیرەکانی دیکە بدرێت.