عەلی زەیدی خۆی دوو وەزیر دیاری دەکات
سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت رەتیدەکاتەوە جێگری هەبێت ئەگەر پۆستی وەزارییان نەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە پێشنیازێک بۆ دروستکردنی وەزارەتێکی نوێی ئەمنی هەیە بۆ لەخۆگرتنی هێزە چەکدارەکان، هاوکات هەوڵێکیش بۆ ئاڵوگۆڕی چەند وەزارەتێک لە نێوان سوننە و شیعەدا هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 09ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، رەتی کردووەتەوە جێگری هەبێت لە کاتێکدا ئەو جێگرانە پۆستی وەزارییان نەبێت، چونکە پێی وایە ئەمە تەنیا بۆ رازیکردنی لایەنەکانە.
سەرچاوەکە، ئاماژەی بەوە دا، عەلی زەیدی لەگەڵ ئەوەدایە جێگرانی سەرۆکوەزیران وەکوو پێشوو بن، بۆ نموونە وەزیری دەرەوە، وەزیری نەوت و وەزیری پلاندانان جێگری سەرۆکوەزیران بن، واتە وەزیر ببێتە جێگری سەرۆکوەزیران نەک کەسێک تەنیا پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لایەنەکانی شیعە پێشنیازێکیان کردووە، وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی زیاد بکرێت و حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و پاسەوانی سنوور سەر بەو وەزارەتە بن.
سەرچاوەکە، ئەوەشی خستە روو، ئەگەر رێککەوتن لەسەر ئەو وەزارەتە بکرێت، ئەوا دەستەی حەشدی شەعبی نامێنێت و دەچێتە سەر وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی و لە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەت دەبێت. روونیشی کردەوە، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، خۆی وەزیری دارایی و وەزیری ناوخۆ دیاری دەکات.
هەروەها، باسی لەوەش کرد، لایەنەکانی شیعە و سوننە دەخوازن چوار وەزارەت ئاڵوگۆڕ پێ بکەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بە جۆرێک وەزارەتی پیشەسازیی لای سوننەکان بیدەن بە شیعە و شیعەش وەزارەتی کشتوکاڵ بەوان بدات، هەروەها وەزارەتی وەرزش و لاوانی لای شیعە بیدەن بە سوننە و ئەوانیش وەزارەتی رۆشنبیری بە شیعە بدەن.