ئەندامێکی کۆنگرێس: بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ 5 دۆلار، نیشانەی سەرکەوتن نییە

وێنە، مارسی کاپتۆر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا
وێنە، مارسی کاپتۆر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا

مارسی کاپتۆر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، بە توندی رەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ گرت و رایگەیاند،  گەیشتنی نرخی هەر گالۆنێک بەنزین بە 5 دۆلار، بە هیچ شێوەیەک نیشانەی سەرکەوتن نییە.

کاپتۆر لە لێدوانێکدا هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی ترەمپ و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جۆرە رەفتارانە دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ گەلی ئەمریکا هەبووە، گوتیشی، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەرئەنجامی راستەوخۆی ئەو سیاسەتە جەنگییانەیە.

ئەو ئەندامەی کۆنگرێس دەشڵێت، "بەنزین بە 5 دۆلار و گازوایل بە 6 دۆلار، بە چیرۆکی سەرکەوتن بۆ خێزانە ئەمریکییەکان هەژمار ناکرێت، بەڵکو فشارێکی دارایی گەورەیە لەسەر بژێوی هاووڵاتییان."

لە کۆتایی قسەکانیدا، مارسی کاپتۆر داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەو گرژییانە بهێنرێت کە بەرەو جەنگیان دەبات لەگەڵ ئێران، بۆ ئەوەی هاوکار بێت لە دابەزاندنی تێچووی ژیانی خێزانە ئەمریکییەکان.

لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و لە ئەنجامدا رێبەر و چەندین سەرکردەی باڵای ئەو وڵاتە کوژران، هاوکات جەنگەکە 39 رۆژی خایاند و دواتر ئەمریکا ئاگربەستێکی دووهەفتەیی راگەیاند، پاشان ئاگربەستەکە بۆ کاتێکی نادیار درێژکرایەوە، لەبەرانبەردا ئێران هێڕشی کردە سەر پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەناوچەکە و گەرووی هورمزیش بەرووی کەشتییە بازرگانیەکان داخست.

لە ئەنجامی داخستنی گەرووی هورمز نرخی سووتەمەنی لە ئەوروپا و ئەمریکا بەرزبووەتەوە، بەمەش دۆخی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە قورستر بووە و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە.