ئیسرائیل هۆشداری لە رێککەوتنێکی کاتی و سێ قۆناخی لە نێوان ترەمپ و ئێران دەدرێت
رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" بڵاویکردەوە، لە نێو ناوەندە سیاسییەکانی ئیسرائیلدا نیگەرانییەکی زۆر دروست بووە لە ئەگەری گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رێککەوتنێکی رێژەیی یان نیمچەیی لەگەڵ ئێران. بەگوێریە راپۆرتەکە، ئەم جۆرە رێککەوتنە رێگە بە تاران دەدات تواناکانی لە بواری ئەتۆمی، مووشەکی بالیستی و پشتگیریکردنی گرووپە بریکارەکانی بپارێزێت، جگە لەوەی دەبێتە هۆی گەیشتنی بڕێکی زۆر پارە بۆ دەستی ئێران.
بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل ئەم سیناریۆیە بە "خراپترین" ئەگەر دادەنێن، چونکە پێیان وایە چارەسەرێکی گشتگیر بۆ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران دابین ناکات. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان، هەر رێککەوتنێکی نیمچەیی گەرەنتی لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو ناکات و رێگریش لە ئێران ناگرێت لەوەی لە داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی پیتاندن، هەروەها سیستەمی چاودێری دامەزراوە ئەتۆمییەکانیش بە شێوەیەکی سنووردار دەمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی شەممە رایگەیاند؛ پێشبینی دەکات بەمزووانە وەڵامی ئێرانی پێ بگات، ئاماژەی بەوەش کرد، تاران "خوازیاری گەیشتنە بە رێککەوتن".
هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، ئەمریکا پێشنیازێکی هەموارکراوی پێشکەش کردووە، ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی کاتی و سنووردار لە رێگەی رەشنووسێکی چوارچێوەیی بۆ راگرتنی شەڕ. ئەم پلانە نوێیە لە جیاتی رێککەوتنێکی ئاشتی گشتگیر، پشت بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی کورتخایەن دەبەستێت.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم پێشنیازە لە سێ قۆناخ پێکدێت، کۆتاییهێنان بە شەڕ بە شێوەیەکی فەرمی. چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا. کردنەوەی دەرفەتێکی 30 رۆژە بۆ دانوستان لەسەر رێککەوتنێکی بەرفراوانتر کە دۆسیەی ئەتۆمیش لەخۆ بگرێت.