سوننەکان دوایین کۆبوونەوە پێش پێکهێنانی حکوومەت دەکەن
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیان بۆ پۆستە وەزارییەکان کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، مستەفا سامەڕائی، ئەندامی هاوپەیمانیی سیادە بە کوردستان 24ی راگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە دوایین کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکان و ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان دەکات.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی سیادە ئاماژەی بەوە دا، دوای یەکلابوونەوەی وەزارەتەکان ناوی کاندیدەکان رادەستی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دەکرێت. روونیشی کردەوە، بۆ هەر وەزارەتێک سێ ناو پێشکەش دەکرێن و عەلی زەیدی بەپێی سیڤییەکان کاندیدێک هەڵدەبژێرێت.
پشکی سوننەکان لە حکوومەتی نوێدا شەش وەزارەتە، ئەوانیش پلاندانان، بەرگری، پەروەردە یان خوێندنی باڵا، پیشەسازی، بازرگانی و رۆشنبیرین.
شێخ فەیسەل عیساوی، پەرلەمانتاری عێراق، بە كوردستان24ـی راگەیاند، بە نزیكەیی سوننەكان لەسەر دابەشكردنی وەزارەتەكان رێككەوتوون، بە جۆرێك هەر یەك لە هاوپەیمانیی عەزم، وەزارەتی پلاندانان و رۆشنبیری، هاوپەیمانیی سیادەش وەزارەتی بازرگانی، هاوپەیمانیی حەسمیش لەنێوان وەزارەتی بەرگریی یان پەروەردە وەردەگرێت؛ پشکی حزبی تەقەددومیش، وەزارەتی بەرگری یان پەروەردە و پیشەسازییە.
بەگوتەی شێخ فەیسەڵ عیساویی، شیعەكان داوای وەزارەتی پەروەردەیان كردووە و لە بەرنبەردا وەزارەتی خوێندنی باڵا دەدرێت سوننەكان. باسی لەوەش کرد، هاوپەیمانیی عەزم داوای جێگری سەرۆكوەزیرانی كردووە، بەڵام لایەنە سوننەكان رازی نین لەسەر ئەو پۆستە وەربگرێت. هەروەها حزبی تەقەدوم جێگری سەرۆككۆمار وەردەگرێت.
پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق لە دوای ساڵی 2003ەوە لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی تایفەیی و نەتەوەیی بەڕێوە دەچێت. پۆستە وەزارییەکان بەسەر پێکهاتەکانی شیعە، سوننە و کورددا دابەش دەکرێن.
پێکهاتەی سوننە بە شێوەیەکی گشتی شەش بۆ حەوت وەزارەت وەردەگرێت و لە ناوخۆی هێزە سوننییەکانیشدا ململانێیەکی توند لەسەر وەزارەتە سەروەرییەکانی وەک بەرگری و وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە و پلاندانان هەیە.
هاوپەیمانیی سیادە و هاوپەیمانیی عەزم دوو هێزی سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسیی سوننەن لە عێراق و رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە پێکهێنانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا هەیە.