سوننەکان رێککەوتن و چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر 5 وەزارەت ناکۆکن

لە کاتێکدا لایەنە سوننەکان گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر دابەشکردنی شەش وەزارەت و پۆستی جێگری سەرۆککۆمار، ناکۆکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پێنج وەزارەتی سیادی و خزمەتگوزاری، چارەنووسی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی خستووەتە نادیارییەوە.

یەکشەممە 10ی ئایاری 2026، ئەبو توراب تەمیمی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر، بە کوردستان24ی راگەیاند کە چوارچێوەی هەماهەنگی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەی پێنج وەزارەتی گرنگ یەکلا بکاتەوە، ئەوانیش وەزارەتەکانی، نەوت، ناوخۆ، دارایی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، و خوێندنی باڵان.

تەمیمی ئاماژەی بەوەش دا، هێشتا کاندیدی ئەو پۆستانە یەکلا نەکراونەتەوە، ئەمەش وای کردووە پەرلەمانی عێراق نەتوانێت کارنامەی دانیشتنی رۆژی سێشەممە رابگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی هەموو ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی بۆ دەنگدان تەواو کردووە.

بە پێچەوانەی شیعەکانەوە، لایەنە سوننەکان بەرکەوتەکانی خۆیان لە حکوومەتی داهاتوودا بە نزیکەیی کۆتایی پێ هێناوە. بەپێی گوتەی شێخ فەیسەڵ عیساوی، پەرلەمانتاری عێراق، دابەشکارییەکە بەم شێوەیەیە،

هاوپەیمانیی عەزم: وەزارەتەکانی پلاندانان و رۆشنبیری.

هاوپەیمانیی سیادە: وەزارەتی بازرگانی.

حزبی تەقەدوم: جێگری سەرۆککۆمار، لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و یەکێک لە وەزارەتەکانی بەرگری یان پەروەردە.

هاوپەیمانیی حەسم: وەزارەتی بەرگری یان پەروەردە (بەپێی رێککەوتن لەگەڵ تەقەدوم).

عیساوی ئاماژەی بەوەش دا، شیعەکان داوای وەزارەتی پەروەردەیان کردووە، لە بەرانبەردا وەزارەتی خوێندنی باڵا دەدرێتە پێکهاتەی سوننە. تەنیا خاڵی ناکۆکی ناوخۆیی سوننەکان داواکاریی عەزمە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، کە لایەنە سوننەکانی دیکە تا ئێستا رەزامەندییان لەسەر نەداوە.

مستەفا سامرائی، ئەندامی هاوپەیمانیی سیادە، ئاشکرای کرد کە بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا "ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی" کۆببێتەوە بۆ واژۆکردنی کۆتایی لەسەر ناوی کاندیدەکان.

بەپێی رێککەوتنەکە، هەر لایەنێک سێ ناو بۆ هەر وەزارەتێک پێشکەش بە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو دەکات. زەیدیش دەسەڵاتی دەبێت بەپێی سیڤی و لێهاتوویی، یەکێک لەو سێ کاندیدە بۆ کابینەکەی هەڵبژێرێت.

چاودێران پێیان وایە کە کلیلی پێکهێنانی حکوومەت ئێستا لە دەستی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکاندایە. ئەگەر لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا لەسەر وەزارەتە پڕ کێشەکان رێکنەکەون، پڕۆسەی دەنگدان لە پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دوادەکەوێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵات لە بارودۆخێکی هەستیاری ئەمنی و ئابووریدایە.