سعوودیە بە گوژمەی 300 ملیۆن ریاڵ یەکەم سندووقی وەبەرهێنان لە کەرتی مۆدێل و فاشن رادەگەیەنێت

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابووری و کولتووری، عەرەبستانی سعوودیە دامەزراندنی یەکەمین سندووقی وەبەرهێنانی تایبەت بە کەرتی مۆدێل و فاشن کە تێچووەکەی دەگاتە نزیکەی 300 ملیۆن ریاڵی سعوودی رادەگەیەنێت کە دەکاتە 80 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

پرۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان "سندووقی رۆشنبیری" و کۆمپانیای "میراک کاپیتال" ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی خێراکردنی وەبەرهێنانە لە کەرتە جیاوازەکانی کولتووردا، سندووقەکە جەخت لەسەر هەموو زنجیرەکانی کەرتی مۆدێل دەکاتەوە، لە دیزاینکردنی جلوبەرگ، پێڵاو، ئێکسسوارات، زێڕ و خشل، عەتر و جوانکارییەکان، تاوەکو دەگاتە پەرەپێدانی زنجیرەی دابینکردن و بەهێزکردنی بازرگانی ئەلیکترۆنی.

سندووقی رۆشنبیریی سعوودیە رایگەیاندووە، کە وەک وەبەرهێنەرێکی سەرەکی بە رێژەی 40% لە پلاتفۆرمی نوێی "ZYA" بەشدارە. ئەم پلاتفۆرمە کار دەکات بۆ توانادارکردنی براندە ناوخۆییەکانی سعوودیە تاوەکو بتوانن لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی کێبڕکێ بکەن. تەنها پاڵپشتی داراییان ناکات، بەڵکو ژێرخانی کارگێڕی و داراییان بۆ رێکدەخاتەوە تاوەکو ئامادە بن بۆ چوونە ناو بازاڕی دارایی و بورسە.

بە گوێرەی راپۆرتەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2025 ئەم کەرتە گەشەکردنێکی باشی بەخۆوە بینیوە، هەروەها لە ساڵی 2024دا ئەم کەرتە نزیکەی 343 هەزار هەلی کاری رەخساندووە، کە 55%ـی کارمەندەکانی ژنن.

ئەم هەنگاوەی سعوودیە لە چوارچێوەی "دیدگای 2030" دێت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ئابوورییەکی بەردەوام، کە تێیدا کەرتی مۆدێل وەک یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی گەشەی نیشتمانی ئەو وڵاتە رۆڵ دەبینێت.