رۆیتەرز: پاکستان وەڵامی ئێرانی گەیاندە کۆشکی سپی

پاکستان بە فەرمی وەڵامی ئێرانی بۆ پێشنیازەکەی واشنتن گەیاندە کۆشکی سپی. هاوکات لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا بۆ نیشاندانی "نیازپاکی"، تاران رێگەی بە تێپەڕبوونی نەوتهەڵگرێکی گازی سروشتیی قەتەر و کەشتییەکی پەنەما دا لە گەرووی هورمزەوە، سەرەڕای بەردەوامیی هەڕەشەی درۆنەکان لە ئاسمانی کەنداو.

رۆژی یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی پاکستان رایگەیاند کە وڵاتەکەی وەک ناوبژیوانی نێوان تاران و واشنتن، وەڵامی فەرمیی ئێرانی لەسەر پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی پێگەیشتووە و رادەستی واشنتنی کردووە.

میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاشکرایان کردووە کە وەڵامی تاران جەخت لەسەر "کۆتاییهێنانی جەنگ لە هەموو بەرەکان" دەکاتەوە، بەتایبەتی لە بەرەی لوبنان، لەگەڵ زامنکردنی سەلامەتیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشنیازەکەی ئەمریکا داوای راگرتی بەرنامەیی ئەتۆمی و رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو دەکات.

لە پێشهاتێکی مەیدانیی گرنگدا، داتاکانی دامەزراوەی "Kpler" نیشانی دەدەن کە نەوتهەڵگری (Al-Kharaitiyat)ی سەر بە کۆمپانیای "قەتەر ئینێرجی" بە سەلامەتی گەرووی هورمزی بڕیوە و بەرەو بەندەری "قاسم" لە پاکستان بەڕێکەوتووە. ئەمە یەکەم کەشتیی گازی سروشتیی شلکراوەیە (LNG) کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوباتەوە بتوانێت بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕێت.

سەرچاوەکان دەڵێن ئێران ئەم هەنگاوەی بۆ بەهێزکردنی متمانە لەگەڵ قەتەر و پاکستان ناوە، تاوەکو قەیرانی پچڕانی کارەبا لە پاکستان چارەسەر بکات کە بەهۆی کەمیی غازەوە دروست بووە. هاوکات کەشتییەکی تری بارهەڵگری پەنەما بە ڕێڕەوێکی دیاریکراوی سوپای ئێراندا گەرووەکەی بڕیوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، ئاژانسی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دوایین دەقی پێشنیازکراوی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، رادەستی پاکستانی نێوەندگیر کراوە.