ترەمپ: چیتر رێگە نادەین ئێران یاری بە وڵاتەکەمان بکات

یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تارانی لە 47 ساڵی ڕابردوودا بە "زنجیرەیەک یاری و دواخستن" وەسف کرد.

ترەمپ بە توندی ڕەخنەی لە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی کە پشتی لە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کردووە و چووەتە بەرەی ئێران. ترەمپ نووسیویەتی: "ئۆباما 1.7 ملیار دۆلار پارەی کاشی لە ڕێگەی فڕۆکەوە ناردە تاران و لەسەر سینییەکی زیو پێشکەشی کردن. ئەوەندە پارەی زۆر بوو بانکەکانی واشنتن و ڤێرجینیا و ماریلاند خاڵی بوونەوە."

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی ئێرانییەکان باوەڕیان بە بەختی خۆیان نەدەکرد کاتێک بینییان "کەسێکی وا لاواز" بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، و ئاماژەی بەوەش دا کە جۆ بایدن لە ئۆباما خراپتر بووە.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ترەمپ ئێرانی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی سەربازانی ئەمریکی لە ڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە و گوتی: "ئەوان لەم دواییانەدا 42 هەزار خۆپیشاندەری بێتاوان و بێچەکیان کۆمەڵکوژ کردووە."

دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە چیتر ڕێگە نادات ئێران گاڵتە بە ئەمریکا بکات. ئاماژەی دا، "بۆ ماوەی 47 ساڵ ئێرانییەکان ئێمەیان لە چاوەڕوانی هێشتووەتەوە و پێکەنیون بە وڵاتە مەزنەکەمان، بەڵام دڵنیابن چیتر ناتوانن پێبکەنن."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە واشنتن و تاران لە لێواری ڕێککەوتنێکی نوێدان، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت پەیامی ئەوە بدات کە هەر ڕێککەوتنێک لە سەردەمی ئەودا واژۆ بکرێت، زۆر جیاواز دەبێت لەوەی ئۆباما ئەنجامی دابوو.