نوێترین پەیامی ئۆجەلان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، لە نێو زینداندا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، پێکهاتوو لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتار و ئۆزگور فایق ئەرۆڵ، پارێزەر، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، دوێنێ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەم، لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەتەوە.
شاندەکە ئاماژەی بەوە دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە نێو زینداندا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ و ئەو هەنگاوەیان بە پێشکەوتنێکی ئەرێنی لە رووی هەلومەرجی ژیان و کارکردنەوە ناو بردووە.
داواشی کرد، دەرفەتی پەیوەندیکردن بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی خۆی کارە دوو ساڵییەکەی لەبارەی "یەکێتیی مێژوویی و ئاشتیی نێوان تورک و کورد" بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و بیروڕای گشتی بخاتەروو، هەروەها لە قۆناخی ئێستای پڕۆسەکەدا دەستە و کۆمیسیۆنەکان لە چوارچێوەی یاسایەکی گشتگیردا کارا بکرێن و زەمینەی یاساییان بۆ دابین بکرێت.
بە گوێرەی راگەیەنراوی شاندەکە، ئۆجەلان لەم قۆناخەدا وەک "رێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن" پێداگرە لەسەر قووڵکردنەوە و درێژەدان بە کارەکانی.
لە راگەیەنراوەکەی شاندی ئیمراڵیدا پوختەی بۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا خراوەتەروو و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەردەم قۆناغێکی وەرچەرخاندا وەستاون لە مێژووی کۆماری تورکیادا، تێپەڕاندنیشی پێویستی بە کارکردنی هەمەلایەنە و ئاگاداربوون لە مەترسییەکان هەیە.
پێشی وابووە، نابێت سیاسەت لە تورکیا لە نێو هاوکێشەی "گوشار، هاندان و کاردانەوە"دا سنووردار بکرێت، چونکە داخستنی گۆڕەپانی سیاسی رێگە بۆ جووڵەی هێزە نادیموکراتییەکان خۆش دەکات، ئەوانەی ئامانجیان کورد و هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسییە.
روونیشی کردووەتەوە، بەهۆی ئەو توانای گۆڕانکارییەی پڕۆسەکە بۆ وڵات و ناوچەکە هەیەتی، هەمیشە هەوڵی تێکدەرانە لە لایەن ناوەندە جیاوازەکانەوە دەبێت و جەختی کردووەتەوە، "کاریگەرترین رێکار بەرانبەر ئەمانە، بەهێزکردنی پڕۆسەکەیە لە رێگەی یاسای دیموکراتی و سیاسەتی ئازادەوە".
بەپێی راگەیەنراوەکە، ئۆجەلان پرسی کوردی وەک "پرسی دیموکراسی" هەڵسەنگاندووە و ئەوەی خستووەتەروو، چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادایە و دژی هزری رەگەزپەرستی و هەوڵە کودەتاچییەکانە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، سیاسەتی دیموکراتی پێویستی بە بەرنامەیەکی جێگیری بنەماکان هەیە نەک پشتبەستن بە رووداوە رۆژانەکان.
سەبارەت بە کۆمار و مافی گەلان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان روونی کردووەتەوە، دادپەروەری، یاسا و دیموکراسی داواکاریی هەموو گەلی تورکیایە و کورد خوازیاری ئاشتی و خاوەندارێتیکردنی کۆمارە لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیی گەرەنتیکراودا تاکوو دان بە هەموو ناسنامەکاندا بنرێت. هەروەها رەخنەی لەو تێڕوانینە گرتووە کە کۆمار سنووردار دەکات و گوتوویەتی، "کۆماری دیموکراتیک تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە نموونە".
لە بەشێکی دیکەی هەڵسەنگاندنەکانیدا، ئۆجەلان نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئێستای زیندانەکان دەربڕیوە و رایگەیاندووە، گیانلەدەستدان لە زیندانەکان، هەڵوەشاندنەوەی ئازادکردنی مەرجدار و پەیڕەوکردنی رەفتاری جیاواز لە زیندانەکاندا، هیچ پاساوێکیان نییە و هاندان دژی پڕۆسەکە لەخۆ دەگرن
ئەم دیدارەی شاندی ئیمراڵی لە کاتێکدایە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دوایین سەردانیاندا لە 13ی ئەیلوولی 2026، لە چەند رۆژی رابردوودا جموجووڵەکان پەیوەست بە پڕۆسەی ئاشتی چڕتر بوونەتەوە.
لە 20ی تشرینی دووەمی 2026، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەگەڵ پارێزگارانی هەشت پارێزگا تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری کۆبووەوە، هاوکات پێنج پسپۆڕی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکی شەش لاپەڕەییدا داوایان لە ئەنقەرە کرد گەرەنتیی دادوەری و چاودێریی سەربەخۆ لە یاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتیدا بەهێزتر بکات.