بەڕێوەبەری پۆلیسی کاروباری ناوخۆی کەرکووک بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا
بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق، عەمید محەمەد عەتییە، بەڕێوەبەری پۆلیسی کاروباری ناوخۆ لە کەرکووک، لە پۆستەکەی لادرا و بەتۆمەتی تێوەگلان لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی و وەرگرتنی سەرانە دەستبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی باڵا لە پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان 24ـی راگەیاند: عەمید محەمەد عەتییە ئێستا لە بەغدایە و لە رێکخستنەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەر کراوە. ئەم بەرپرسە تۆمەتبارە بەوەی لە بازگەکانی (چیمەن و دارەمان) چاوپۆشی لە هاتنی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو و قاچاخ کردووە، بەتایبەت هێلکە و جگەری بێ مۆڵەت و گومرک، لە بەرانبەردا سەرانەی لە بازرگانان وەرگرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، دۆسیەکە ئەو کاتە پێیزانراوە کە دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بازگەی پردێ دەستگیرکراون، شەش ماستەرکارد و چەند مۆبایلێکیان پێبووە. ئەو کارمەندانە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کار بۆ بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ دەکەن و رۆژانە بڕی چوار هەزار دۆلاریان لە بازگەکە بۆ کۆکردووەتەوە.
هەر دوای دەستگیرکردنی کارمەندەکان، عەمید محەمەد عەتییە هێزێکی جوڵاندووە بە مەبەستی رزگارکردنیان، ئەمەش وایکردووە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راستەوخۆ بێتە سەر هێڵ و بڕیاری کۆتایی لەسەر لادان و دەستبەسەرکردنی بدات.