سەروەرت و سامانی کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران دەستی بەسەرداگیرا

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، بەهۆی دژایەتی کۆماری ئیسلامی دەستیان بە سەر موڵک و سامانی کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەیان گرتووە.

دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە فەرمی بڵاوی کردەوە، دەستی بەسەر شەش موڵکی عەلی کەریمی، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەیان داگرتووە، کە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتەکەی دەژیت.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران پێشتریش چەندان جار هۆشداری دابوو، ئەو کەسانەی دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کار دەکەن، سەروەت و سامانەکانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت؛ ئەم بڕیارەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دوای راوەستانی جەنگیی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی دێت.

ئاژانسی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە، جێبەجێکردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی عەلی کەریمی بڵاو کردووەتەوە و بە یەکێک لە ناپاکەکانی وڵات ناوی بردووە؛ هاوکات کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەیان بە یارمەتی دانی دوژمن لەم ساڵانەی دوایی دا تۆمەتبار کردووە.

هەروەها لە بارەی ئەو شەش موڵکەی دەستیان بەسەرداگرتووە، ئاژانسەکەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاشکرای کردووە، کە دوو لە موڵکەکان بازرگانین و چوارەکەی دیکەیان یەکەی نیشتەجێبوون بە فەرمانی دادوەر لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی ئێران دەستیان بەسەرداگیراوە.

عەلی کەریمی، لە ساڵی 2022ـەوە دوای پشێوییەکانی ناوخۆی ئێران، وڵاتەکەی جێهێشتووە و بە گوێڕەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، ئێستا لە یەکێک لە وڵاتەکانی کەنداو نیشتەجێیە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکی لەبارەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکەی نەداوە.