عێراق لە زێڕی زەردەوە بۆ قەیرانی دارایی
وەرزی دروێنەی گەنم و جۆ لە عێراق، کە بڕیار بوو کۆتایی وەرزێکی پڕ لە ماندووبوون و سەرەتای ئامادەکاری بێت بۆ چاندنی نوێ، ئێستا گۆڕاوە بۆ سەرچاوەی نیگەرانی و فشارێکی دارایی بۆ سەر جووتیاران. ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی دواکەوتنی خەرجکردنی شایستە دارایییەکانی ئەو بەرهەمە ستراتیژییەی کە بە "زێڕی زەرد" ناسراوە.
تێچووی کشتوکاڵ لە عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی تۆو، پەین، کرێی کارگەر، ئاودێری و گواستنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەزاران جووتیار خۆیان لەبەردەم هاوکێشەیەکی سەختدا دەبیننەوە؛ بەرهەمەکانیان رادەستی دەوڵەت کردووە و بەڵگەنامەی فەرمیشیان لەبەر دەستە، بەڵام پارەکانیان لە نێوان رێکارە کارگێڕییەکان و تەنگژەی دارایی گشتیدا گیری خواردووە.
ئەم قەیرانە تەنیا پەیوەست نییە بە دواکەوتنی شایستە دارایییەکان، بەڵکو کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر توانای جووتیاران بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنان و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی ناوخۆیی، لە وڵاتێکدا کە گەنم لە پێشەنگی بەرهەمە ستراتیژییەکاندایە.
لە پارێزگای نەجەف، "ئەبو عەلی" کە جووتیارێکی ناوچەکەیە، چیرۆکی وەرزی دروێنە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ساڵێکی تەواو لە بەرەبەیانەوە لە زەوییەکانمان کارمان کرد و بەرگەی سەرما و گەرمامان گرت بۆ ئەوەی بەرهەمێکمان دەست بکەوێت قەرزەکانمانی پێ بدەینەوە."
ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەکات سەرڕای رادەستکردنی بەرهەمەکە بە کۆگاکانی حکوومەت و وەرگرتنی پلیت، بەڵام ماوەیەکی زۆرە پارەکەی وەرنەگرتووە. دەشڵێت: "هەموو جارێک کە سەردانی فەرمانگەکان دەکەم، پێم دەڵێن هەفتەی داهاتوو وەرەوە یان مامەڵەکەت لەژێر وردبینی دایە." ئەم دواکەوتنە وای لێکردووە بۆ دابینکردنی تێچووی وەرزی نوێ، پەنا بۆ فرۆشتنی زێڕی هاوسەرەکەی ببات.
لە رووی ئابوورییەوە، پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە، پارەی گەنم و جۆ بۆ جووتیاران تەنیا قازانج نییە، بەڵکو "سەرمایەی کارپێکردنە" بۆ وەرزی داهاتوو. جووتیاری عێراقی پشت بەو داهاتە دەبەستێت بۆ دانەوەی قەرزەکان، دابینکردنی تۆو و پەین، و چاککردنەوەی ئامێرە کشتوکاڵییەکان.
دواکەوتنی ئەم پارانە دەبێتە هۆی ئەوەی جووتیار بکەوێتە ناو بازنەیەکی نوێی قەرزارییەوە کە تێچوو و مەترسیی زیاتری هەیە، ئەمەش نەک تەنیا زیان بە وەرزی رابردوو دەگەیەنێت، بەڵکو هەڕەشە لە هەموو پرۆسەی بەرهەمهێنانی داهاتوو دەکات.