سەفوان گەرگەری: تا حکوومەت پێک نەهێنرێت رێگە بە پەرلەمانتاران نادرێت بچنە سعوودیە

ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، رێگە بە پەرلەمانتاران نادرێت گەشت بۆ سعوودیە بكەن بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، تا ئەو كاتەی دەنگ بە كابینەی نوێی حكوومەت دەدرێت.

سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "تا ئەو کاتەی لەناو پەرلەمانەوە دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەت نەدرێت، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە پەرلەمانتاران نادرێت بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گەشت بۆ سعوودیە بکەن."

گەرگەری ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتەکە دراوە، بەڵام تا ئێستا وادەی دروستی کۆبوونەوەی تایبەت بە متمانەدان بە کابینەکە دیاری نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە حەسەن مەسعودی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هێزە نیشتمانییەکان، بە کوردستان24ـی گوت: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی تایبەت بە دەنگدان بە کابینەی نوێ ئەنجام دەدات."

هاوکات، موشریق فرێجی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، زانیاریی زیاتر دەخاتە ڕوو و بۆ کوردستان24 دەڵێت: "رۆژی پێنجشەممە پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بەڵام دەنگدانەکە تەنیا بۆ نیوەی زیاتری کابینەکە (50+1) دەبێت، چونکە متمانەدان بە جێگرانی سەرۆکوەزیران و چەند وەزارەتێک بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێن."

هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بڕیار بوو ئەمساڵ دەیان پەرلەمانتاری عێراقی بۆ فەریزەی حەج سەردانی سعوودیە بکەن.

ڕۆیشتنی ئەم ژمارە زۆرەی پەرلەمانتاران مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر تێکچوونی نیسابی یاسایی کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەی پەرلەمان دروست دەکرد. لە رووی یاساییشەوە، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، پێویستە 48 کاتژمێر پێش ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک، کارنامەی کۆبوونەوەکە رابگەیەنرێت و پەرلەمانتاران بە فەرمی ئاگادار بکرێنەوە.

رۆژی 27ـی نیسانی رابردوو، عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپێردرا. بە پێی دەقە دەستوورییەکان، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو مۆڵەتی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پێکهاتەی حکوومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان و زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت. بەم پێیەش، رۆژی 27ـی ئایار دواین مۆڵەتی دەستوورییە بۆ تێپەڕاندنی کابینەکە، ئەمەش وای کردووە فشارەکان بۆ خێراکردنی پرۆسەکە بگەنە لوتکە.