بەغدا.. دەستدرێژیی کرایە سەر منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا
لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە بەغدا، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان دوای ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکەوە دەڕفێندرێت و دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر و گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی رەسافە بە کوردستان24ـی راگەیاند، منداڵەکە ناوی (غەزەل سەیف)ـە و تەمەنی تەنیا چوار ساڵ بووە، رووداوەکە سێ ڕۆژ پێش ئێستا کاتێک روویداوە کە غەزەل لە ناو کۆڵانی ماڵی خۆیان خەریکی یاریکردن بووە لەگەڵ منداڵان، لەو کاتەدا لەلایەن چوار کەسەوە دەڕفێندرێت و دواتر دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی پۆلیس، منداڵەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە فڕێدراوە و دواتر لەلایەن کەسێکەوە دۆزراوەتەوە، پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و غەزەلی گەیاندووەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، ماوەی سێ ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕدا بووە و سەرەنجام بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوتووە، تاوانبارەکان لە کاتی ئەنجامدانی ئەم کارەدا لەژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەردا بوون، پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە کە سێ لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
ئەم تاوانە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەغدا دروستکردووە، هاووڵاتییان و چالاکوانان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێویستە تاوانباران بە سزای لەسێدارەدان بگەن.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوو لە بەغدای پایتەخت، دوای ئەوەی کچێکی 15 ساڵ رەتیکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزایەکی (کوڕە مامێکی) بکات، لە لایەن خێزانەکەییەوە کوژرا. لە دوای کوشتنیشی، عەشیرەتەکەی ئاهەنگی بە کۆمەڵیان گێرا؛ رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی ئافرەتانی عێراقیش، پەردە لەسەر راستییەکان هەڵدەماڵێت.
رووداوەکە لە ناوچەی "نەهرەوان"ـی رۆژهەڵاتی بەغدا روویداوە. خێزانەکە کچە 15 ساڵانەکەیان بە ناوی "کەوسەر بەشار" بە تۆمەتی "پاکبوونەوەی شەرەف" کوشتووە. لە دوای کوژرانیشی عەشیرەتەکەی ئاهەنگێکی بە کۆمەڵیان گێڕا، کە بە (هۆسە یان فەزعە) ناسراوە.