ئەشواق جاف کاندیدە کوردەکانی کابینەکەی عەلی زەیدی ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، دکتۆرە ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 وردەکارییەکانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی ئاشکرا کرد.

ئەشواق ڕایگەیاند کە سەعات 2:51 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سی ڤی 16 کاندید بۆ پۆستە وەزارییەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە دەست پەرلەمانتاران، ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ساتەکانی کۆتایی گۆڕانکاری لە ناوەکاندا کراوە، بۆ نموونە مستەفا سەنەد بۆ وەزارەتی گەیاندن و عەبدولڕەحیم شەمەری بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ کاندید کراون.

بەپێی گوتەکانی ئەو پەرلەمانتارە، چوار کاندیدی کورد لە لیستەکەدا هەن کە بریتین لە، د. فوئاد حوسێن بۆ وەزارەتی دەرەوە، رێباز حەملان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، خالید شوانی بۆ وەزارەتی داد، سروە عەبدولواحید (لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ) بۆ وەزارەتی ژینگە.

سەبارەت بە متمانەدان، ئەشواق جاف روونی کردەوە کە هەر وەزیرێک پێویستی بە دەنگی 50 +1ـی پەرلەمانتارانە واتە  166 دەنگ هەیە. بۆ ئەوەی کابینەکە بە تەواوی شەرعییەت وەربگرێت، گوتیشی، دەبێت لایەنی کەم 12 وەزیر لە کۆی 22 وەزارەت متمانە وەربگرن، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، 27ـی 5 دوا مۆڵەتی دەستوورییە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، چونکە عەلی زەیدی لە 27ـی 4ـەوە راسپێردراوە.

ئەشواق جاف خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تاوانبار "عەجاج" لە کەیسی ئەنفالدا و گوتی: "وەک کەسوکارێکی ئەنفالکراوان کە لە نوگرەسەلمان بوون، ئەمڕۆ فرمێسکی خۆشیمان ڕشت." لەو چوارچێوەیەدا داوای لە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە بە هەمان یەکڕیزیی پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەغدا، دابنیشن و کۆتایی بە دواکەوتنی ساڵ و هەشت مانگی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بهێنن.

جەختیشی کردەوە، نوێنەرانی کورد بە رێنمایییەکانی سەرۆک بارزانی، بە نەفەسێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی کار دەکەن بۆ خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانی عێراق لە زاخۆوە تا بەسرە، بێ جیاوازی و دوور لە نەفەسی حزبی.