دوای سێ ساڵ ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسمانی لە سلێمانی بۆ تورکیا ئەنجام دەدرێت

​هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە فەرمی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ وڵاتی تورکیا رادەگەیەنێت و یەکەم گەشتیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە دەبێت.

​بەپێی راگەیەندراوێکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، لەسەر بنەمای ئەو خشتەیەی کە لەلایەن هێڵی ئاسمانى عێراقییەوە بۆ فڕۆکەخانەکە نێردراوە، وا بڕیارە ئەمرۆ شەممە، 16ـی ئایاری 2026،  گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان (سلێمانی - ئیستانبوڵ - سلێمانی) بە فەرمی دەستپێبکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بە پێی ئەو خشتەیەی دانراوە سەرەتا هەفتەی یەک گەشت لە رۆژانی شەممە کاتژمێر 3:15 خولەک ئەنجام دەدرێت.

​لەلایەکی دیکەوە عەتا ئەنوەر سەرۆکی یەکێتیی نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی بەکوردستان24ـی راگەیاند، گەشتی هاتنەوە لەهەمان رۆژدا ئەنجام دەدرێت، واتە ئەو فڕۆکەیەی گەشتیاران بۆ تورکیا دەبات هەمان فڕۆکە گەشتیاران دەهێنێتەوە.  

تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەرووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەوکاتی کوردستان24، بەهۆی راگیرانی گەشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ وڵاتی تورکیا، فڕۆکەخانەکە مانگانە زیاتر لە 135 گەشتی لەدەست چووە، کە دەکاتە نزیکەی %40ــی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.