ئیسرائیل زانیاریی نوێی لەبارەی کوژرانی فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماسی بڵاوکردەوە

عیزەددین حەداد، فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی عیززەددین قەسام
عیزەددین حەداد، فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی عیززەددین قەسام

سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتە کوژرانی فەرماندەی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسیان راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە، 16ی ئایاری 2026، سوپای ئیسرائیل بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) لە راگەیەنراوێکدا کوژرانی عیزەددین حەداد، فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی عیززەددین قەسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس)ـیان لە نێو کەرتی غەززە راگەیاند.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد، عیزەددین یەکێک بوو لە دوایین سەرکردە گەورەکانی باڵی سەربازیی حەماس و سەرپەرشتیی پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری کردووە.

سوپای ئیسرائیل روونیشی کردەوە، لە ماوەی جەنگدا ئەو فەرماندەیە دەستی هەبووە لە هێشتنەوەی ژمارەیەکی زۆری بارمتە ئیسرائیلییەکان. هاوکات سیستەمی هێشتنەوەی بارمتەکانی بەڕێوە بردووە و خۆی بە بارمتەکان دەورە داوە بۆ ئەوەی رێگری لە کوشتنی بکات.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستە روو، فەرماندە کوژراوەکە یەکێکە لە کۆنترین سەرکردەکانی حەماس و لە کاتی دامەزراندنییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی ئەو بزووتنەوەیەوە کردووە، لە ساڵانی کارکردنیدا رۆڵی سەرەکی هەبووە و چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە، لەوانە فەرماندەی لیوای شاری غەززە و چەند یەکەیەکی دیکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، تەرمی عیززەددین حەداد، هاوژین و منداڵێکی لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە کەرتی غەززە بەخاک سپێردران. 

عیزەدین حەداد لە نێو بزووتنەوەی حەماسدا بە (ئەبوو سوهەیب) و (تارمایی قەسام) ناسراوە. دوای کوژرانی چەندین سەرکردەی دیاری وەک محەممەد زەیف، مەڕوان عیسا و محەممەد سنوار، بووە یەکێک لە بەهێزترین و دیارترین فەرماندەکانی بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە. 

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، ئیسرائیل شەوی رابردوو (هەینی، 15ـی ئایاری 2026)، بە بەکارهێنانی سێ فڕۆکەی جەنگی و 13 مووشەک شوققەکەی لە گەڕەکی "ریمال"ـی شاری غەززە بۆردومان کردووە. 

پێشتریش چەندین جار ماڵەکەی لە ساڵانی 2009، 2012 و 2021 کراوەتە ئامانج، بەڵام لە هەموویان رزگاری ببوو.