بڕیارە ئەم هەفتەیە گازی شل بەسەر نانەواخانەکاندا دابەش بکرێت
بەهۆی هەبوونی خۆراک و کەلوپەلی پیس و ماوەبەسەرچوو چەندین شوێن لە هەولێر داخران و سزای دارایشییان بەسەردا دەسەپێندرێت. بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێریش دەڵێت، ئەم هەفتەیە گازی شل بەسەر سەرجەم سەمونخانە و نانەواخانەکان دابەش دەکەین.
ئەمرۆ شەممە، 16ـی ئایاری 2026، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو، بەهۆی فرۆشتنی خۆراکی ماوەبەسەرچوو 10 مارکێت و شوێنیان داخستووە، ئەمەش بەبڕیاری لیژنەی هاوبەشی شارەوانی و چاودێری بازرگانی، گوتیشی، هۆکاری داخستنی ئەو شوێنانەش ئەوە بووە، کەلوپەلی ماوەبەسەرچویان هەبووە و ویستویانە بیفرۆشن.
هۆگر عەلی ئاماژەی بەوەشداوە، دوای داخرانی ئەم شوێنانە سزای داراییان بەسەردا دەسەپێندرێت و بەڵێنامەشیان لێ وەردەگرین، هەروەها ئەو کەلوپەلە ماوەبەسەرچوانەشیان لێ وەردەگرین و دواتر لەرێگەی لیژنەیەک لەناو دەبرێن.
هۆگر عەلی داواشی لە مارکێتەکان کرد خۆیان لەوبابەتە دوورخەنەوە، دەشڵێت، ئێستا لە جەژنی قوربان نزیک دەبینەوە بۆیە شتومەکی کراوە 'فەل' دێتە بازاڕ، بۆیە دەمەوێت لەکوردستان24ـەوە رایبگەیەنم و داوا لەسەرجەم هاووڵاتیان دەکەم خۆیان لەو بابەتە بە دوور بگرن.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر راشیگەیاند، کەیسێکمان داوەتە دادگا لەسەر فرۆشتنی کیمیای کشتوکاڵی، کە هەم گونییەکانی گۆڕیبو هەم لە پشکنین دەرنەچوو، چونکە ناکرێت جووتیارێک شەش مانگ چاوەڕوان بکات و دواتر بەهۆی کیمیایەکی ساختە بەروبوومەکەی لەناو بچێت.
باسی لەوەشکرد، لەماوەی رابردوو دەستمان بەسەر 16 تۆن و شەش کیلۆ برنجدا گرت کە دەیویست ئەو بەرنجە بەسەرچووە لەناو کیسە بکات و بەهاوڵاتیان بفرۆشێتەوە، هاوکات سوپاسی ئەو کرێکارانەی کرد کە لەو کارگانە کاردەکەن و هاوکارییان دەکەن لەبابەتی کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو.
لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە نانەواخانە و سەموونخانەکان رۆنی رەش و پیس بۆ سووتاندن بەکاردەهێنن کە دەبێتە هۆکاری پیسکردنی ژینگە و فرۆشتنی سەموونێکی ناتەندروست بە هاووڵاتییان، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەولێر دەڵێت: هەر فرنێک رۆنی رەش و پیس بەکاربهێنێت، سزا دەدرێت و دادەخرێت. گوتیشی، ئەم هەفتەیە گازی شل بەسەر سەرجەم سەمونخانە و نانەواخانەکان دابەش دەکەین.
دەشڵێت، وا لە جەژنی قوربان نزیک دەبینەوە و جموجۆڵی بازاڕ زیاتر دەبێت، لیژنەکانیش زیاتر دەگەڕێن، هەر کەسێک یان هەر خاوەن دووکان و مارکێتێک، فێڵ بکات، خۆراک و کەلوپەلی بەسەرچوو و خراپبوو بفرۆشێت بە هاووڵاتییان، بێ یەک و دوو سزا دەدرێت و رەنگە داشبخرێت، بۆیە بیر لەو شتانە مەکەنەوە حکوومەت چاودێریتان دەکات و خوداش ئەمە قبوڵ ناکات.
ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەمساڵەوە 365 شوێنی جیاواز بەهۆی فرۆشتنی خۆراک و کاڵای بەسەرچوو و خراپ، یاخود پابەند نەبوون بە یاسا و رینماییەکان سزای دارایی دراون و بەشێکیشیان داخراون، هەر لە ماوەیەدا 82 تۆن خۆراک و کەلوپەلی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و بڕی سزای وەرگیراویش لەو شوینانەی کە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە سزا دراون نزیکەی 66 ملیۆن دینار بووە.