کارەبای 24 کاتژمێری کەرتی کشتوکاڵی ئاکرێی بووژاندووەتەوە

دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ جووتیارانی سنووری قەزای ئاکرێ، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکەدا دروست کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی نەهێشتنی دڵەڕاوکێی جووتیاران و زیادبوونی بەرچاوی رووبەری ئەو زەوییانەی بە بەروبوومە هاوینەییەکان چێنروان.

لە ساڵانی رابردوودا، پچڕان و کەمیی کارەبا کێشەی گەورەی بۆ ئاودێریی کێڵگەکان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی بەردەستبوونی کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەی "رووناکی"، جووتیاران دەتوانن بەبێ ترس لە وشکبوونی بەروبوومەکانیان، لە هەر کاتێکدا بیانەوێت زەوییەکانیان ئاو بدەن. 

لەتیف عەبدولکەریم، یەکێک لە جووتیارانی سنوورەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پێشتر کاتێک زەوییەکانمان دەچاند، دەبوو دوو بۆ سێ رۆژ چاوەڕێی کارەبا بین بۆ ئەوەی ئاویان بدەین، بەڵام ئێستا بەهۆی بوونی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە، هەر کاتێک بمانەوێت ئامێرەکانمان پێدەکەین و ئاودێری دەکەین."

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، زیاتر لە 80%ـی ئەو جووتیارانەی بەروبوومی هاوینە دەچێنن، بۆ ئاودێری پشت بە ئاوی ژێر زەوی و بیرەکان دەبەستن، دەرهێنانی ئەو ئاوەش پێویستی بە کارەبایە. بەهۆی ئەم ئاسانکارییەوە، تەنیا لەم وەرزەدا زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی بە بەروبوومەکانی وەک خەیار، تەماتە و شووتی چێنراون.

جووتیارانی سنوورەکە وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە، هاوکات داواکاریشیان هەیە. عومەرخان مستەفا، جووتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە و دەڵێت، "ئێمە سوودێکی زۆرمان لەم هەنگاوەی حکوومەت بینیوە و زۆر سوپاسیان دەکەین، بەڵام داواکارین نرخی کارەبا و پێداویستییەکانی دیکەی وەک پەین بۆ جووتیاران هەرزان بکرێت، چونکە زۆربەی جووتیاران کەسانی هەژارن." 

هەروەها مشیر زوبێر، ئەویش سەرقاڵی کاری کشتوکاڵییە، وێڕای دەستخۆشی بۆ دابینکردنی کارەبا، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد هاوکارییان بکەن لە دابینکردنی خانووی پلاستیکی بۆ ئەوەی بتوانن پەرەی زیاتر بە کارەکانیان بدەن.

پێشبینی دەکرێت بەردەوامبوونی کارەبای 24 کاتژمێری و ئاسانکارییەکان، ببێتە هۆی ئەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە سنووری ئاکرێ لە ساڵانی داهاتوودا هەنگاوی زۆر باشتر و پێشکەوتووتر بنێت و هەم بەرهەمی ناوخۆیی ببووژێتەوە، هەمیش داهاتێکی باشتر بۆ جووتیارانی ناوچەکە دەستەبەر بکات.