پەرلەمانتارێکی لوبنان بۆ کوردستان24: حزبوڵڵا هەوڵی پەکخستنی دانوستانەکان دەدات

پەرلەمانتارێکی لوبنان رایگەیاند، حزبوڵڵا بە رێنمایی ئێران هەوڵی پەکخستنی دانوستانەکان دەدات؛ گوتیشی: ئەگەر ئەو گرووپە سوور بێت لەسەر رادەستنەکردنی چەکەکانی، ئەوا سوپای لوبنان مافی یاسایی خۆیەتی بەزەبری هێز چەکیان بکات.

یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، فادی کەڕم، پەرلەمانتاری لوبنان لە پێکهاتەی کریستیان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رەخنەی توندی ئاراستەی حزبوڵڵای لوبنان کرد و رایگەیاند، ئەو گرووپە بە رێنمایی ئێران هەوڵی تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و دانوستانەکان دەدات، جەختیشی کردەوە کە دەبێت حکوومەت کۆتایی بە هەژموونی چەکدارییان بهێنێت.

فادی کەڕم ئاماژەی بەوە کرد، حزبوڵڵا ئامادە نییە چەکەکانی رادەستی دەوڵەت بکات، چونکە ئەوان دەوڵەتێکیان دەوێت کە تەنیا پشتیوانی لە ئێران بکات. گوتیشی: "حزبوڵڵا دروستکراوی ئێرانە و ماوەی 30 ساڵە تاران ئەم گرووپە و خاکی لوبنان وەک کارتێکی فشار بۆ مەرامە سیاسی و ئەمنییەکانی خۆی بەکار دەهێنێت."

ئەو پەرلەمانتارە لوبنانییە داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کرد، بە وردی رووبەڕووی حزبوڵڵا ببێتەوە و قەبارەیان بچووک بکاتەوە، بەبێ ئەوەی وڵات تووشی شەڕی ناوخۆ بکات. کەڕم رایگەیاند: "ئەگەر حزبوڵڵا سوور بێت لەسەر ڕادەستنەکردنی چەکەکانی، ئەوا سوپای لوبنان مافی یاسایی خۆیەتی و دەشتوانێت بەزەبری هێز چەکیان بکات."

سەبارەت بە هەوڵەکانی حزبوڵڵا بۆ تێکدانی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، کەڕم گوتی: "حزبوڵڵا هەرچی بکات ناتوانێت دانوستانەکان رابگرێت، چونکە حکوومەت بڕیاری خۆی داوە و هەنگاوەکان یەک لە دوای یەک دێن."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا بۆ 45 رۆژی تر درێژکراوەتەوە تاوەکو دەرفەت بۆ دانوستانە راستەوخۆکان بڕەخسێت. پڕۆسەیەک کە لە 15ی نیسانی رابردوو لە واشنتن دەستی پێکرد و بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا کۆبوونەوەی سێیەم بۆ تاوتوێکردنی پرسی چەککردنی حزبوڵڵا و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکەدا بەڕێوە بچێت.