جووتیارانی کەرکووک دژی کەمکردنەوەی نرخی گەنم خۆپیشاندانیان کرد
جارێکی دیکە جووتیارانی پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری دژی بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی پارەی گەنم لە لایەن حکوومەتی عێراق خۆپیشاندانیان کرد، هاوکات داواین کرد حکوومەت لە پلانی کشتوکاڵیدا ناوەکانیان تۆمار بکات و بەرهەمەکانیان بە نرخی دیاریکراو لێوەربگرێت.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، جووتیارانی سنووری پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری، لەوانەش سەرگەڕان، پەڵکانە، داقووق، لەیلان و شوان، لە ناوچەی تۆپزاوا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان کرد، ئەم گردبوونەوەیە دژی بڕیارێکی حکوومەتی عێراقە کە نرخی وەرگرتنی گەنمی ئەو جووتیارانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین، بۆ 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک کەمکردووەتەوە.
هاوکات جووتیاران بۆ کوردستان24 قسەیان کرد و رایانگەیاند، ئەم نرخە زۆر کەمە و تەنانەت تێچووی چاندن و بەرهەمهێنانەکەشیان بۆ ناگەڕێنێتەوە، چونکە تێچووی هەر دۆنمێک زەوی نزیکەی 400 بۆ 500 هەزار دینارە، ئاماژە بەوەش دەکەن، بەهۆی کێشە سیاسییەکان، جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 و کێشەی خاوەندارێتی زەوییەکان، گەنمەکانیان ناخرێتە ناو پلانی فەرمی حکوومەتەوە، کە تیایدا هەر تۆنێک گەنم بە نزیکەی 800 هەزار دینار لە جووتیارانی دیکە وەردەگیرێت.
لە لایەکی دیکەوە، جووتیارانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، تا ئێستا شایستە داراییەکانی ساڵانی رابردوویان وەرنەگرتووە، هاوکات داوا لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکەن بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و رێگری بکات لە بەهەدەردانی رەنجی ساڵێکیان و زیانمەندبوونی زیاتری جووتیارانی کورد لەو ناوچانە.