ئێران زانیاریی نوێ لەبارەی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی بڵاو دەکاتەوە
حوسێن کرمانپوور، بەڕێوەبەری ناوەندیی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، وردەکاری نوێی سەبارەت بەو هێرشە ئاسمانییە ئاشکرا کرد کە لە 28ـی شوباتی رابردوو لە چوارچێوەی حکوومی و ناوچەی تاران کردە ئامانج. جەختی کردەوە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێستای ئێران، لە دوای رووداوەکە بە بریندارییەکی سووکەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "هەمشەهری ئۆنلاین" کرمانپوور لە میانی وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگا جێبەجێکارەکان لە تاران رایگەیاند: هێرشەکە نزیکەی کاتژمێر 10ـی بەیانی 28ـی شوبات روویداوە و دەوروبەری نووسینگەی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، ئەندامانی حکوومەت و شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی رێبەری باڵای کردووەتە ئامانج.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی قەرەباڵغی هاتووچۆ و پەککەوتنی جووڵەی ئۆتۆمبێل پاش بۆردومانەکە، زەفەرقەندی وەزیری تەندروستیی بە ماتۆڕسکیل چووەتە نەخۆشخانەی سینا لە ناوەڕاستی پایتەخت. روونیشیکردەوە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ ئیدارەی نەخۆشخانەکە لە گواستنەوەی موجتەبا خامنەیی بۆ ناوەندە پزیشکییەکە ئاگادارکراوەتەوە، ئەمەش لە سەرەتادا بووە هۆی جۆرێک لە سەرلێشێواوی لەلایەن دەزگا میدیاییە فەرمییەکانەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵەکەدا.
کرمانپوور ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسیان لە برینداری سەخت یان شێوانانی موجتەبا خامنەیی دەکرد و دووپاتی کردەوە، تیمی پزیشکی نەشتەرگەرییەکی بچووکیان بۆ ئەنجامداوە کە تەنیا "چەند تەقەڵێکی کەم" بووە بۆ چارەسەرکردنی برینێک لە ناوچەی قاچیدا، و پاش وەرگرتنی رێکارە پێویستەکان نەخۆشخانەی جێهێشتووە.
لە هەمان چوارچێوەدا، کرمانپوور باسی لە دۆخی مرۆیی پارێزگای هورمزگان لە باشووری وڵات کرد و گوتی: شاری کەناراوی "میناب" کەوتووەتە بەر بۆردومان و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی قوتابخانەکان. ئەو بەرپرسە ئێرانییەکان رەخنە لە سیاسەتی ئەمریکا گرت و هێرشەکەی بە هۆکاری زیانی مرۆیی گەورە لە شارەکەدا ناوبرد. هەروەها ئاماژەی بەو سەختییە لۆجستی و مرۆییانە کرد، رووبەڕووی تیمە پزیشکییەکان و دانیشتوانی شارەکانی میناب و بەندەر عەباس بووەوە، بەهۆی ئەوەی هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و لافاوێکی گەورە کە ناوچەکەی گرتبووەوە. کرمانپوور ئاماژەی بەوەش کرد، 92 خوێندکاری بریندار لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
پێشتر میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردبووەوە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران، بەسەختی برینداربووە و لە کۆمایە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە تێیدا عەلی خامنەیی باوکی کوژرا، دوای ئەوەی وەک جێگرەوەی باوکی دەستبەکار بووە، موجتەبا خامنەیی هیچ دەرکەوتنێکی گشتی نەبووە و تەنیا بە بڵاوکردنەوەی پەیامی نووسراوی هەبووە، ئەمەش گومانی لەسەر دۆخی تەندروستی و مانەوەی لە ژیاندا دروست کردووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە8ـی ئاداری رابردوو هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری باڵا راگەیاند کە لە 28ـی شوباتی 2026، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی تێدا لە تاران کوژرا.