شارەوانیی هەولێر: قەرەبووی ئەو جوتیارانە دەکرێنەوە کە زەوییەکانیان بەر پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کەوتووە

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، نووسراوی فەرمیان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو خاوەن زەوییانەی کە زەوییەکانیان بەر پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کەوتووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند "ئەو کەسانەی کە زەوییەکانیان بەر پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی و زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتووە، دوێنێ یەکشەممە لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە نووسراوی فەرمیمان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە و زەوییان پێ بدرێت."

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا خاوەن زەوییەکان دەتوانن دەست بە راییکردنی مامەڵەکانیان بکەن و رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر.

ئەم هەنگاوەی شارەوانیی هەولێر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی کە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەکاردەهێنرێن، بە جۆرێک کە مافی خاوەن زەوییەکان پارێزراو بێت.

ئەو زەوییەی لەلایەن هاووڵاتییەوە بەکار هێنرابێت، حکوومەت بە ڕێژەیی 12% قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر زەوییەکە گرێبەستی کشتووکاڵی بێت بەڕێژەیی 3% قەرەبووی زەویی دەکرێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم داری لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند و لە گوتارێکدا جەختی کردەوە، پڕۆژەکە هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و ڕاهێنانی پێویستیشیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لە پڕۆژەکەدا کار بکەن.

سەرۆکی حکوومەت گوتی "دۆستەکانمان بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین، ئەو گەنجانەی دەیانەوێت لە پڕۆژەکەدا کار بکەن، ڕاهێنیان پێ دەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بکەن."

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو دارانەی لەم پڕۆژەیەدا دەچێندرێن، بەرهەمدار دەبن و گوتیشی، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە لەگەڵ حکوومەت بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بەشدارن، دەتوانن لە ڕووی بازرگانییەوە سوود لە بەرهەمی دارەکانی ئەم پشتێنەیە وەرگرن.

پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە بە شێوەیەکی بازنەیی بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە. پانیی پڕۆژەکە دوو کیلۆمەتر و درێژییەکەی 83 کیلۆمەترە و لە هەشت زۆن پێکهاتووە. لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنم دەبێت.