سوپای پاسداران: جەنگ بۆ دەرەوەی ناوچەکە دەبەین

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەمریکا و ئیسرائیل لە شکستەکانی رابردوویان بەرامبەر شۆڕشی ئیسلامی پەندیان وەرنەگرتووە و دەستیان بە هەڕەشە کردووەتەوە، با بزانن  ئەوان کە بە هەموو توانای دوو سوپای پڕ تێچووی جیهانەوە هێرشیان کردە سەر ئێمە، ئەمجارە چیدەکەن، ئێمە هێشتا هەموو تواناکانمان دژیان بەکارنەهێناوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەگەر هێرش بۆ سەر ئێران دووبارە بێتەوە، ئەو جەنگە ناوچەییەی بەڵێن درابوو، ئەمجارەیان بۆ دەرەوەی ناوچەکەش پەلکێش بکەین و بە توندترین شێوە لە شوێنگەلێک دەدەین کە خۆیان بیری لێ ناکەنەوە، دوژمن تووشی شکست دەکەین."

سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، ئەوان پیاوی جەنگن و هێزی خۆیان لە مەیدانی جەنگ نیشان دەدەن، نەک لە بەیاننامەی بێناوەرۆک و لاپەڕە فەرمییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ئەمریکا بە هاوبەشی ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکرد، تێیدا ژمارەیەک سەرکردەی بالای ئێران کوژران و بەگوێرەی ئامارەکانی تاران زیاتر لە 3 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لە بەرانبەریشدا ئێران هێرشی ئەنجامداوە و بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک ئەمریکی و ئیسرائیلی.