بوومەلەرزە چەند وڵاتێک دەهەژێنێت

چەند بوومەلەرزەیەک ئێران، ژاپۆن و پیرۆ دەهەژێنن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، ناوەندی بوومەلەرزەزانی ئەوروپا و دەریای ناوەڕاست رایگەیاند؛ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلە بە پێوەری رێختەر و لە قووڵایی 14 کیلۆمەتر، باشووری ئێرانی هەژاند.

هاوکات ئاژانسی "فارس" بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەکە لە بەشێک لە پارێزگای هورمزگان روویداوە و دانیشتووانی قشم، هورمز و ناوچە گوندنشینەکانی بەندەر عەباس هەستیان پێکردووە. بەگوێرەی ئاژانسەکە، ناوەندیی بوومەلەرزەکە نزیک بەندەری لافت بووە بە قووڵایی 20 کیلۆمەتر. بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای هورمزگان رایگەیاند؛ تا ئێستا هیچ زیانێک راپۆرت نەکراوە، بەڵام هەڵسەنگاندنەکان بەردەوامن. هەروەها هەفتەی رابردووش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.6 پلە تارانی پایتەختی هەژاندبوو.

ژاپۆن:
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلە لە دوورگەکانی کاگۆشیمای ژاپۆنی روویدا. دەزگای کەشناسی ژاپۆن رایگەیاند؛ ناوەندی بوومەلەرزەکە لە کەناراوەکانی دوورگەی یۆرۆن بووە لە قووڵایی 50 کیلۆمەتر و هیچ مەترسییەکی تسونامی نەبووە. پۆلیسی شارۆچکەی یۆرۆن پشتڕاستی کردەوە کە هیچ زیانێک نەکەوتووەتەوە.

دەزگای کەشناسی هۆشداری داوەتە دانیشتووان، بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ئامادەباشیدا بن بۆ ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی بەهێزی دیکە، بەتایبەتی لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا. هەروەها هۆشداری لە زیادبوونی مەترسی داڕمانی بەرد و زەوی لەرزین داوە، بەتایبەت لە کاتی بارانباریندا.

پیرۆ:
لە لایەکی دیکەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلە کەناراوەکانی باشووری پیرۆی هەژاند. بەگوێرەی پەیمانگای جیۆفیزیکی پیرۆ، بوومەلەرزەکە ناوچەی ئیکای گرتووەتەوە و ناوەندەکەی 41 کیلۆمەتر لە باشووری شاری ئیکاوە دوور بووە. لەرزینەکە لە "لیما"ی پایتەختیش هەستی پێکراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا 'ئافاد' رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلە بە پێوەری رێختەر شارەدێی "بەتاڵگازی" سەر بە پارێزگای مەڵەتی هەژاندووە و لە چەند پارێزگایەکی دەوروبەریش هەستی پێکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانیی و ماددی تۆمار نەکراوە.

بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە شارەدێی بەتاڵگازی لە مەڵەتی روویداوە. بەهۆی بەهێزیی گوڕەکەیەوە، دانیشتوانی پارێزگاکانی سەمسور، خارپێت، دێرسیم و ئورفا.

ئافاد لە رێگەی هەژمارە فەرمییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاند؛ تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تۆمار نەکراوە و تیمەکانمان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ پشکنیینی وردتری ناوچەکە.

سەرۆکایەتیی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا راشیگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.