ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: 30%ـی ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی جیهان دەبنە کارەبایی

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا پێشبینی دەکات، ئەمساڵ رێژەی فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و جۆری (پڵەگ-ئین هایبرید) بگاتە نزیکەی 30%ـی کۆی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا.

ئەم گەشەسەندنە خێرایە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەهۆی قەیرانی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەزینی تێچووی بەرهەمهێنانی پاتری دەگەڕێتەوە.

هۆکارەکانی زیادبوونی خواست

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، کاردانەوەی شۆفێران بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان. بەڵام راپۆرتەکە هۆشداریش دەدات کە لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێران رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی خەرجیی بەکارهێنەران لەسەر ئاستی جیهان هەبێت.

لە ئەوروپا پێشبینی دەکرێت فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە ساڵی 2026ـدا بە رێژەی 20% زیاد بکات، بەمەش لە هەر 3 ئۆتۆمبێلێک کە دەفرۆشرێن، دانەیەکیان کارەبایی یان هایبرید دەبێت.

ئامارە جیهانییەکان و گەشەی بازاڕ

لە ساڵی 2025، فرۆشی جیهانیی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بە رێژەی 20% زیادی کرد و گەیشتە زیاتر لە 20 ملیۆن دانە، ئەمەش چارەکی کۆی فرۆشی ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی جیهانی پێکدەهێنا. چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بگاتە 23 ملیۆن دانە، بە تایبەت کە پێشبینی دەکرێت فرۆش لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن 50% و لە ئەمریکای لاتین 45% زیاد بکات.

تەیمور گوڵ، بەرپرسی تەکنەلۆژیای وزە لە ئاژانسەکە رایگەیاند: "پێدەچێت داڕێژەرانی سیاسەت پەنا بۆ رێکاری ستراتیژی ببەن بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزە و پاراستنی ئابووریی وڵاتەکانیان لە لێکەوتەکانی ئەم جۆرە قەیرانانە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین وڵات لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەستیان کردووە بە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی باج بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

باڵادەستیی چین لە بازاڕدا

چین وەک گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا ماوەتەوە؛ لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی سێ چارەکی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی جیهان لەو وڵاتە بەرهەم هێنراون و هەناردەی ئۆتۆمبێلە کارەباییە چینییەکانیش بۆ دوو هێندە زیادی کردووە.