سعوودیە چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر

سعوودیە ستایشی هەوڵەکانی پاکستان دەکات و هۆشداریش دەداتە ئێران

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، پێزانینی خۆی بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی سەبارەت بە پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران. ریاز هیوادارە تاران ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی جەنگ.

چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: وڵاتەکەی هەڵوێستەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرز دەنرخێنێت، کە بە دەم داواکەی ریاز چووە بۆ پێدانی دەرفەتێکی زیاتر بە دانوستانەکان، بۆ مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

هاوکات جەختی لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز کردەوە وەک ئەوەی پێش 28ـی شوباتی 2026 هەبوو، لەگەڵ چارەکردنی سەرجەم پرسە ناکۆکەکان لە خزمەت ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، هەر لە پەیامەکەیدا ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی نێوەندگیریی پاکستانی کرد لەم پرسەدا، هەروەها دەڵێت: "هیوادارین تاران بە پەلە وەڵامی هەوڵەکان بداتەوە بۆ بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کە ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکە و جیهاندا بهێنێتە دی."

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کردبوو، لەسەر داوای راستەوخۆی سعوودیە، قەتەر و ئیمارات، واشنتن بڕیاری دووبارە هێرشکردنە سەر ئێرانی دواخست.

ترەمپ روونیکردبووەوە، کە سەرکردەکانی کەنداو دڵنیایان کردووەتەوە کە دەرفەتێکی راستەقینە هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە سەقامگیریی ناوچەکە مسۆگەر بکات و رێگری لە ئێران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.