زەیدی: رێگە نادەین ئاسمان و خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان بەکاربێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە توندی رەتی کردەوە خاکی وڵاتەکەی یان ئاسمانەکەی وەک خاڵی دەستپێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی بەکاربهێنرێت. هاوکات هۆشداریی توندی دایە هەر لایەن و گرووپێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بدەن.
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبووەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرمیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: فەرماندەی گشتی فەرمانی داوە بەردەوامی بدرێت بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و توانای سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان، لەگەڵ زیاترکردنی هەماهەنگیی نێوانیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئەمنی.
سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، گوتەبێژەکە روونی کردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی دیکە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی دوایی کرا کە کرانە سەر سعوودیە و ئیمارات. هەروەها جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەت کرایەوە لە رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق دژی ئەو وڵاتانە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان تایبەت بەو هێرشانەی کە سعوودیە و ئیماراتیان کردە ئامانج. بۆ ئەم مەبەستە، لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ پەیوەندیکردن و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات.
هەروەها فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی داوە کە "سەرجەم رێکارە یاسایی و ئەمنییەکان بگیرێنەبەر بەرانبەر بە هەر کەس و لایەنێکی تێوەگلاو، گەر بێتو لێکۆڵینەوەکان بیسەلمێنن کە خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێکی ئەو هێرشانە بەکارهێنراوە،" و پەرۆشیی بەغداشی بۆ هاوکاریکردنی تەواوی ئەو وڵاتانە دووپات کردەوە.
بە پێی راگەیەنراوەکە، عەلی زەیدی هۆشدارییەکی توندی داوە و رایگەیاندووە: "حکوومەت چاوپۆشی و نەرمی نانوێنێت بەرانبەر بە هیچ تاک یان گرووپێک کە هەوڵی هەڕەشەکردن لە ئاسایشی عێراق یان ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بدات. ئێمە پابەندین بە گرتنەبەری تەواوی رێوشوێنە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی وڵاتەکەمان."
هەر لە راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ستراتیژییەتی حکەومەتی نوێ و ئاماژە بەوە کراوە کە: "عێراق پەرۆشە بۆ بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. حکوومەت دەیەوێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەکە و سەپاندنی سەروەریی یاسادا."
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکوومەت بە تەواوی پابەندە بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانی ناو عێراق، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی لە دەستی دەوڵەتدا (کۆکردنەوەی چەکی بێمۆڵەت)، کە ئەمەش بە یەکێک لە لەپێشینەترین ئەرکەکانی حکوومەت دانراوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.