تاران بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ پەنا بۆ کۆڵبەران دەبات
بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران رێگەی دا بە هاوردەکردنی کەرەستەی خاوی "پترۆکیمیایی و پۆلیمەری" لە رێگەی کۆڵبەران و کەشتیوانە بچووکەکانەوە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو سستبوونە ئابوورییەی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە کەرتی وزەدا دروستبووە.
چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، ئاژانسی تەسنیم راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران، لە بڕیارێکی و بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، رێگەی دا بە هاوردەکردنی کەرەستەی خاوی پیشەسازیی "پترۆکیمیایی و پۆلیمەری" لە رێگەی کۆڵبەری و کەشتیوانی بچووکەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە بەهۆی ئەو تەنگژە گەورەیەی دابینکردنی کەرەستەی خاو لە مانگەکانی رابردوودا دەرکراوە. ئامانجی سەرەکی بڕیارەکە هاوکاریکردنی کارگە بچووک و ناوەندەکانی کەرتی پترۆکیمیاییە بۆ ئەوەی بتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن و تووشی داخران نەبن.
ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، ئەم هەنگاوە حکوومەتی ئێران دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی جەنگە 40 رۆژەکەدا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی زۆر گەورەیان بە ژێرخانی سەربازی و مەدەنیی ئێران گەیاند. بەتایبەت ناوەندە ستراتیژییەکانی وزە لە ناوچەکانی ماهشەهر و عەسەلوویە کرانە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکان بە وردی ئەو بەشانەیان پەکخستبوو کە ئاو، کارەبا، هەڵم و ئۆکسجین بۆ کارگەکانی پترۆکیمیایی دابین دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی هێڵی بەرهەمهێنان و دروستبوونی کورتهێنان لە کەرەستەی خاوی پیشەسازیدا.
ئەمە یەکەمجارە "کەرەستەی خاوی پیشەسازی" دەخرێتە لیستی ئەو کاڵایانەی کە رێگەپێدراوە لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بهێنرێنە ناو وڵات. پێشتر کۆڵبەران لە سنوورەکان و مەلوانەکان لە بەندەرەکان تەنیا رێگەیان پێدەدرا کاڵای بەکاربردن وەک ئامێری کارەبایی، جلوبەرگ، خۆراک و کەلوپەلی ناوماڵ هاوردە بکەن.