ئەکسیۆس: ناتانیاهۆ دژی ترەمپ و راگرتنی جەنگە

پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توند و پڕ لە گرژی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆدا ئەنجام دراوە، کە تێیدا ناکۆکیی قووڵی نێوانیان سەبارەت بە پلانەکەی واشنتن بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئێران و دەستپێکردنی دانوستانەکان تەقیوەتەوە.

چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژ و پڕ لە گرژی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پەردە لەسەر ناکۆکییەکی قووڵ لادرا سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران. سەرچاوەکان دەڵێن ناتانیاهۆ دوای پەیوەندییەکە " ئاگری لێ دەباری" بەهۆی توندی تووڕەیی و نیگەرانییەکەیەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس)، ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا ناتانیاهۆ ئاگادار کردووەتەوە کە نێوەندگیرە ناوچەییەکان (قەتەر و پاکستان) خەریکی داڕشتنی نامەیەکی نیازپاکین بۆ ئەوەی لەلایەن واشنتن و تارانەوە واژۆ بکرێت. ئامانجی ئەم نامەیە کۆتاییهێنانی فەرمییە بە جەنگ و دەستپێکردنی قۆناغێکی 30 ڕۆژەی دانوستانە لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز.

ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژەی داوە ناتانیاهۆ بە توندی دژی ئەم هەنگاوەی ترەمپە. ئەو پێیوایە پێویستە جەنگ بەردەوام بێت تاوەکو ژێرخانی ستراتیژیی ئێران بە تەواوی وێران دەکرێت و ئێران بە تەواوی لاواز دەبێت. ناتانیاهۆ گومانی زۆری لە جددیەتی تاران هەیە و پێیوایە ئێران تەنیا کات دەکوژێت.

سەرەڕای گرژیی پەیوەندییەکە، ئەمڕۆ ترەمپ لە ئەکادیمیای پاسەوانی سنوور گوتی: "پەیوەندیمان باشە، ناتانیاهۆ هەرچییەکی من داوای لێبکەم، دەیکات." ترمپ جەختی کردەوە کە بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزە و "پرسیارەکە تەنیا ئەوەیە؛ ئایا کارەکە بە جەنگ کۆتایی پێدەهێنین، یان ئەوان دێن و بەڵگەیەک واژۆ دەکەن؟ دەبینین چی روودەدات."

ئەو پێگەیە ئاماژەشی داوە، لە لایەکی ترەوە، نێوەندگیرییەکانی قەتەر و پاکستان گەیشتوونەتە لووتکە. قەتەر شاندێکی رەوانەی تاران کردووە و وەزیری ناوخۆی پاکستانیش بۆ دووەمجار لە ماوەی هەفتەیەکدا لە تارانە بۆ گەیاندنی پەیامەکان. ئامانجی وڵاتانی ناوچەکە ئەوەیە کە ئێران بەڵێنی کۆنکرێتی بدات لەسەر پرسی ئەتۆمی و لە بەرانبەردا ئەمریکا خشتەیەکی روون بۆ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان دابنێت.

تاران هێشتا سوورە لەسەر مەرجەکانی و ڕایگەیاندووە بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان دەبێت ئەمریکا کۆتایی بە گەمارۆیە دەریاییەکان بهێنێت و ئیسرائیلیش جەنگی لوبنان رابگرێت.

ئەکسیسۆ راشیگەیاندووە، ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا ناتانیاهۆ سەردانی واشنتن بکات بۆ کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەگەڵ ترەمپ، بەو هیوایەی بتوانێت قەناعەت بە سەرۆکی ئەمریکا بهێنێت کە دەستبەرداری بژاردەی رێککەوتن بێت و بگەڕێتەوە بۆ هێرشە سەربازییەکان.