کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران دەستی بەسەرداگیرا

سوپای ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران توندتر دەکات

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە دەریای عوماندا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتووە کە ئاڵای ئێرانی هەڵکردووە و گومانی لێ دەکرا گەمارۆکانی ئەمریکا بشکێنێت، ئەمەش نوێترین هەنگاوی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ ناچارکردنی تاران تاوەکو گەرووی هورمز بکاتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی گومانیان لە کەشتییەکی نەوەتهەڵگر کردووە کە بەرەو بەندەرێکی ئێران بە رێگاوە بووە، پشکنینیان بۆ نەوتهەڵگری (M/T Celestial Sea) کردووە و ئاراستەکەی گۆڕدراوە، ئەمە لانی کەم پێنجەمین کەشتیی بازرگانییە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە دەستی بەسەردا بگیرێت، واتە دوای چەند رۆژێک لە راگەیاندنی ئاگربەست، کاتێک ئیدارەی ترەمپ گەمارۆی خستە سەر کەشتیڕانیی ئێران بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بۆ کردنەوەی گەرووەکە و قبووڵکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ.

ئەم هەنگاوە سەربازییە دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هێرشە سەربازییە نوێیەکانی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە تاوەکو دەرفەت بە پێشکەوتنی دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ بدرێت، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە پلانی بۆ هێرشێکی یەکجار گەورە هەبووە، بەڵام بەهۆی داوای هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو بۆ چاوەڕوانکردنی دوو تاوەکو سێ رۆژ بەهۆی نزیکبوونەوە لە رێککەوتن، هێرشەکەی دواخستووە.

پەککەوتنی کەشتیڕانی و ئابووریی جیهانی

پێش سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا، تاران تەنیا رێگەی بەو کەشتییانە دەدا کە بە دۆستی خۆی دەزانین لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕن، ئەمەش بەرامبەر بە وەرگرتنی باجێکی زۆر، کە بووە هۆی تۆمەتبارکردنی ئێران بەوەی ئابووریی جیهانی بە بارمتە گرتووە.

بەگوێرەی ئامارە نوێیەکانی سوپای ئەمریکا، لەمەودای نێوان سەپاندنی گەمارۆکان، لە ئێستادا 1,550 کەشتیی جیاواز کە سەر بە 87 وڵاتی جیهانن، لە کەنداو پەکیان کەوتووە و گیریان خواردووە.

نزیکەی سێ مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگدا تێدەپەڕێت، کە لە 28ی شوباتی رابردوو بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد، لەو ماوەیەشدا ئێران کۆنترۆڵی توندی گەرووی هورمزی کردووە، هاوکات سوپای ئەمریکاش گەمارۆکانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و تەنانەت ئەو کەشتیانەش توندتر کردووەتەوە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە دوورن.