ترەمپ: ئێران رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار لە دەست دەدات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند: بە تەواوی گەرووی هورمزیان کۆنترۆڵکردووە و ئێرانیش لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە دووچاری داڕمان بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند "ئێمە بەتەواوی گەرووی هورمزمان کۆنترۆڵکردووە و هیچ کەشتییەک بەبێ ڕەزامەندی ئێمە لەو گەرووە تێناپەڕێت." جەختیشی کردەوە کە دەبێت گەرووەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت باج لە کەشتییەکان وەربگیرێت.

سەبارەت بە تواناکانی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تاران هێزی ئاسمانی و دەریایی خۆی لەدەستداوە و رایگەیاند "ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." ئاشکراشی کرد کە بەهۆی فشار و سزاکانەوە، ئێران رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدات.

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی "کاتێک جەنگی ئێران کۆتایی دێت، نرخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت." هاوکات ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، سەرەڕای شەڕی ئێران، رێژەیی هەلیکار لە وڵاتەکە زۆر بەرزە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە کێبڕکێی تەکنەلۆژی وڵاتەکەی لەگەڵ چین کرد و ئاماژەی بەوەدا "لە بواری ژیریی دەستکرد (AI) زۆر لە پێش چینەوەین." ئاشکراشی کرد کە لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی چین کردووە و جەختی لە باڵادەستی ئەمریکا لەم بوارەدا کردووەتەوە.