پرۆسەی خوێندن لە ریازی پایتەختی سعوودیە کرا بە ئۆنلاین

دەسەڵاتدارانی سعوودیە لە رێگەی ئیمەیڵەوە سەرپەرشتیاری قوتابیانیان لە ریاز ئاگادارکردەوە، کە پرۆسەی خوێندن بۆ یەک هەفتە بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، لەو پەیامانەی ئاژانسی فرانس پرێس دەستی کەوتوون، هاتووە کە بەهۆی بڕیارە نوێیەکەوە، دەرگای قوتابخانەکان بەدرێژایی هەفتە دادەخرێن.

سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە هیچ زانیارییەکیان نەخستووەتە روو. ئەم رێکارە لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەی کەنداو بەرز بوونەتەوە و سعوودیە رووبەڕووی هێرشی ئەو گرووپانە بووەتەوە کە سەر بە حووسییەکانی یەمەنن.

شەممەی رابردوو، هاوپەیمانیی سەربازی بۆ پشتیوانی حکوومەتی یەمەن بە سەرکردایەتی سعوودیە رایگەیاند، دوو درۆنیان خستووەتە خوارەوە کە حووسییەکان بەرەو ریاز ئاراستەیان کردبوون. هاوکات ئەو هاوپەیمانییە ئاشکرایکرد، دوو مووشەکی بالیستییان لە ئاسمانی خەمیس موشەییت لە باشووری رۆژئاوای سعوودیە تێکشکاندووە، کە بنکەیەکی ئاسمانی گرنگی تێدایە.

ململانێکانی یەمەن دوای چەند ساڵێک لە ئارامی بەهۆی ئاگربەستی ساڵی 2022، لە مانگی تەمووزەوە و بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەشێوەیەکی توند پەرەی سەندووە. ئەم گرژییانە بەتایبەت دوای ئەوە زیاتر بوون کە حووسییەکان رایانگەیاند گەمارۆی دەریاییان بۆ سەر سعوودیە سەپاندووە و دەستیان بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان لە دەریای سوور کردووە.