بیسێنت: گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئێران توندتر دەکەین

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، تیمگەلێکی ناردووەتە سەرانسەری جیهان بەمەبەستی هاندان بۆ گرتنەبەری رێوشوێن بۆ گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران. هاوکات پێشوازیی لە زنجیرەیەک بڕیار کرد کە بانک و کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "بە رێنوێنیی من، تیمگەلێک بۆ سەرانسەری جیهان نێردراون بۆ پەیوەندیکردن بە وڵاتان و داواکردنی گرتنەبەری رێوشوێن دژی ئێران."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت؛ ئەو هەوڵانە دەرەنجامیان لێکەوتووەتەوە.

بیسێنت ئاماژەی بە راگرتنی گەشتەکانی کۆمپانیای ئاسمانیی ماهان ئێر لەلایەن تورکیا و عومانەوە کرد، لە پاڵ ئەوەشدا ئیمارات سەرجەم گەشتەکانی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێرانی قەدەخە کرد.

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئیمارات پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "گەشتەکانی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران بۆ ناو وڵات و بە پێچەوانەوە هەڵپەسێردراون، ئەمەش لە ئەمڕۆوە تا ئاگاداریی دواتر جێبەجێ دەکرێت."

بیسێنت تیشکی خستە سەر ئەو رێوشوێنانەی بانکە ئێرانییەکان دەکەنە ئامانج.

بانکی ناوەندیی ئیمارات چوارشەممە رایگەیاند، رێوشوێن بەرامبەر لقی بانکی مەلیی ئێران دەگیرێتەبەر، ئەوەش بەهۆی سەرپێچیی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر و پەرەپێدانی چەک.

هەفتەی رابردوو دەستەی رێکخستن و چاودێریی بانکیی تورکیا مۆڵەتی بانکی مەللەتی ئێران هەڵوەشاندەوە، کە چەندین ساڵە لەژێر سزای رۆژئاواییدایە.

بیسێنت دەڵێت: "دەسەڵاتی ئێرانیش دانی بە دەرەنجامە ئابوورییەکانی جەنگەکەدا ناوە، چونکە بەهای ریاڵ گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نزم."

بەگوێرەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، جۆناتان بێرک، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری دابینکردنی دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، گەشتێکی دوو هەفتەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لەم مانگەدا کۆتایی پێهێنا. وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ نوێنەری زیاتر لە 50 وڵات کردووە.

بیسێنت دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن بی سی دووپاتیکردەوە: "سەرجەم کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران لە 23ی ئەیلوولەوە کارەکانیان رادەگرن."

بیسێنت گوتی: "ئەگەر ئەو فڕۆکانە بنیشنەوە، کەس ناتوانێت سووتەمەنییان بۆ دابین بکات یان خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان پێشکەش بکات یان بلیتیان بفرۆشێت، ئەگەرنا لە سیستەمی دۆلار دوور دەخرێنەوە."

لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیا ئاسمانییە بچووکەکانی ئێران بەردەوامن لە گەشتەکانیان بۆ دەرەوە، بەتایبەت بۆ چین، کە رەتی دەکاتەوە پابەندی فشارەکانی ئەمریکا بێت.