بەقایی: ئەولەویەتمان لە دانوستانەکان راگرتنی جەنگە نەک دۆسیەی ئەتۆمی
بەقایی: رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نزیک نییە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند سەرەڕای بەردەوامیی جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان، هێشتا رێککەوتن لەگەڵ واشنتن نزیک نییە، ئاشکراشی کرد کە بەهۆی داواکارییە زێدەڕۆکانی ئەمریکاوە، تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەتۆمی بە تەواوی خراوەتە لاوە.
هەینی 22ی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا دەربارەی پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند سەرەڕای بەردەوامیی جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان، هێشتا ناتوانرێت بگوترێت رێککەوتن نزیکە.
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، جیاوازییەکانی نێوان تاران و واشنتن زۆر قووڵ و فراوانن، بەتایبەتی دوای ئەو رووداوانەی لە دوو سێ مانگی رابردوودا روویانداوە. گوتیشی: "دیپلۆماسی پڕۆسەیەکە کاتی دەوێت؛ ناتوانرێت بگوترێت بە چەند سەردانێک لە ماوەی چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکدا دەگەینە ئەنجام؛ هەردوولا تەنیا خەریکی گواستنەوەی دیدگاکانی خۆیانن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، لەم قۆناغەدا، تاران تەنیا سەرنجی لەسەر "کۆتاییهێنان بە جەنگ"ە لە بەرە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە لوبنان و گەرووی هورمز. ئاشکراشی کرد کە بەهۆی "داواکارییە زێدەڕۆکانی ئەمریکا"، ئێستا وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەتۆمی تاوتوێ ناکرێن و خراونەتە لاوە.
سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی نێوەندگیر، بەقایی رایگەیاند ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای پاکستان لە تاران لەوانە عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان، نیشانەی گەیشتنە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە دانوستانەکاندا؛ روونیکردەوە کە هەرچەندە شاندی قەتەری بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان سەردانی تارانیان کردووە، بەڵام "کەناڵی فەرمی و نێوەندگیری سەرەکیی گفتوگۆکان هەر وڵاتی پاکستانە."
چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، ئاژانسی تەسنیم، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران ئاشکرای کردبوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە، دەقێکی نوێی پێشنیازەکانی بۆ تاران ناردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئێران.
هەر چوارشەممە، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژ و پڕ لە گرژی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پەردە لەسەر ناکۆکییەکی قووڵ لادرا سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس)، ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا ناتانیاهۆ ئاگادار کردبووەوە نێوەندگیرە ناوچەییەکان (قەتەر و پاکستان) خەریکی داڕشتنی نامەیەکی نیازپاکین بۆ ئەوەی لەلایەن واشنتن و تارانەوە واژۆ بکرێت. ئامانجی ئەم نامەیە کۆتاییهێنانی فەرمییە بە جەنگ و دەستپێکردنی قۆناغێکی 30 رۆژەی دانوستانە لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز.
دووشەممە 18ی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانی بڵاوی کردبووەوە، وڵاتەکەی دەقی نوێی دیدگاکانی ئێرانی داوەتە ئەمریکا، بەڵام هۆشداری دا، "هەردوولا کاتێکی زۆریان لەبەردەم نەماوە" بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانیان.