ئەمیر سەعید ئیروانی: وڵاتانی کەنداو دەبێت قەرەبووی تاران بکەنەوە

ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، وەڵامی نووسراوەکانی ئەم دواییەی وڵاتانی کەنداو و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، لەوانە سەرۆکی ئەمریکا و فەرماندەیی سێنتکۆمی دایەوە.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لەم نامەیەدا، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەوڵەتانی کەنداو لەوانە (قەتەر، بەحرەین، کوەیت، عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات و لەگەڵ وڵاتی ئوردنی)، بەهۆی بەشداری و ئاسانکاری بۆهێرشکردنە سەر ئێران خستەڕوو. سەعید ئیروانی،جەختی کردەوە، ئەم دەوڵەتانە وەک دەوڵەتی بەرپرسیار، ئەرکیان لەسەرە قەرەبووی تەواوی ئەو زیانە ماددی و مەعنەوییانە بکەنەوە کە بەهۆی کردەوە نایاساییە نێودەوڵەتییەکانیان بە ئێران گەیشتووە.

ئیروانی لە نامەکەیدا رایگەیاند: "بە فەرمانی حکوومەتەکەم و لە درێژەی نامەکانی پێشووماندا سەبارەت بەو  جەنگە نادادپەروەرانەی کە لەلایەن ئەمریکا بە هاوبەشیئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجامدرا، وەڵامی نامەی رێککەوتی 4ـی ئایاری 2026، نوێنەری کوەیت و نامەی رێککەوتی 7ـی ئایاری 2026ـی نوێنەری بەحرەین دەدەمەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو وڵاتانە خۆیان دەدزنەوە و دەیانەوێت بە شێواندنی راستییە یاساییەکان، بەرپرسیارێتییەکە بخەنە سەر ئێران وەک قوربانیی هێرشەکان.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە؛ بەکارهێنانی هێزی نایاسایی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە هاوکاریی دەوڵەتانی کەنداو، پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئیروانی رەتیکردەوە، بانگەشەی مافی بەرگریی رەوا لەلایەن کوەیت، بەحرەین و ئوردنەوە یاسایی بێت و رایگەیاند: "ئەمە نموونەیەکی ئاشکرای کردەوەی هێرشبەرەکانە بەگوێرەی بڕیارنامەی 3314ـی کۆمەڵەی گشتی، بۆیە ئێران مافی بنەڕەتی خۆیەتی بەرگری رەوا بەکاربهێنێت."

هەروەها ئاماژە بە لێدوانەکانی فەرماندەی سێنتکۆم کرا کە پشتڕاستی کردووەتەوە چەندین دەوڵەتی کەنداو لە کاتی جەنگەکەدا "بە کردەیی شانیان داوەتە شانی ئەمریکا". بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەم هاوکارییانە دابینکردنی بنکە سەربازییەکان، پاڵپشتی لۆجستی، ئاڵوگۆڕی زانیاری، هەماهەنگی بەرگریی ئاسمانی و رێگەدان بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکانیان لەخۆگرتووە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمریکا بە دیاریکراوی ناوی عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، بەحرەین، قەتەر و کوەیتی هێناوە و سەرۆکی ئەمریکاش ستایشی هاوکارییەکانییانی کردووە.

نوێنەری ئێران جەختی لە ماددەی 2ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماددەی 16ـی بەرپرسیارێتی دەوڵەتان 2001 کردەوە، کە دەوڵەتان قەدەخە دەکات لە یارمەتیدانی کردەوەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. سەبارەت بە بڕیارنامەی 2817ـی 2026ـی ئەنجوومەنی ئاسایش.

ئیروانی گوتی: "ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت دەوڵەتان ناچار بکات بە پەیڕەویکردن لەو بڕیارانەی کە بە نیازخراپی یان بە لایەنگری دراون. دادگای نێودەوڵەتی داد لە ساڵی 1971 روونی کردووەتەوە تەنیا ئەو بڕیارانە پابەندکەرن کە 'بەگوێرەی جاڕنامەکە' بن."

لە کۆتاییدا نوێنەری هەمیشەیی ئێران دووپاتی کردەوە، سەرەڕای شکستی ئەنجوومەنی ئاسایش لە لێپێچینەوە لەو دەوڵەتانە، بەڵام قەتەر، بەحرەین، کوەیت، سعوودیە، ئیمارات و ئوردن وەک دەوڵەتی بەرپرسیار ئەرکیان لەسەرە تەواوی زیانە ماددی و مەعنەوییەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران قەرەبوو بکەنەوە.