ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەم لە چەسپاندنی مافە دەستوورییەکان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

له‌ ساڵی 2019ـه‌وه‌، کابینەی نۆیەمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، رێبازێکی نوێ و چالاکی دیپلۆماسیی بەرەو بەغدا گرتووەتەبەر، ئەم ستراتیژیەتە نیشتمانییە کە لە شەش خاڵی سەرەکیی دەستووریدا کورت دەبێتەوە، ئامانجی سەرەکی مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و چەسپاندنی هاوبەشییەکی راستەقینەیە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی زنجیرەیەک سەردانی مەیدانیی و فەرمی بۆ بەغدا، کاری بۆ جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی هه‌رێم کردووە، ئەم جووڵە دیپلۆماسییە بووە هۆی واژۆکردنی چەندین رێککەوتنی گرنگ لەسەر ئەو دۆسیانەی کە ساڵانێک بوو هۆکاری ناڕوونی و ناکۆکی نێوان هەردوو لا بوون؛ لەوانەش دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەدا بە ڕێژەی *12.6%*، واژۆکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نەوت، و هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە مەبەستی زامنکردنی تەواوی شایستە داراییەکان.

کابینەی نۆیەم لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، سەردەمێکی نوێی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا دەستپێکردووە کە بنەماکانی لەسەر "هاوبەشیی بنیاتنەر" و "رێزگرتن لە دەستوور" داڕێژراوە. حکوومەت لەم قۆناغەدا تەنیا جەختی لەسەر لایەنی دارایی نەکردووەتەوە، بەڵکو کاری بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی وەک ئاسایش و بازرگانی کردووە، تاوەکو لە رێگەی دیالۆگی نیشتمانییەوە کۆتایی بە کێشە درێژخایەنەکان بهێنرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێڕەوی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر شەش خاڵی بنەڕەتی دەستووری بەڕێوەدەبات:

ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەم لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، لە شەش خاڵی سەرەکیدا کورت دەبنەوە، ئه‌وانیش بریتین له‌:

1. بودجەی ساڵانە، مسۆگەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە، شەفاف و جێگیر لە سامانی وڵات بۆ هەرێم.

2. نەوت و گاز، جێبەجێکردنی ماددەکانی 111 و 112ـی دەستوور بە ئاراستەی پاراستنی مافەکانی هەرێم و بەرزکردنەوەی وەبەرهێنان. 

3. هەماهەنگیی ئەمنی، جێگیرکردنی پێگەی پێشمەرگە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی پێکەوەیی هەڕەشە ئەمنییەکان.

4. ناوچە کوردستانییەکان، پێداگیری لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140 و بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئیداری و ئەمنی لەو ناوچانە. 

5. هاوسەنگیی سیاسی، پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشیی راستەقینە، سازانی نیشتمانی و هاوسەنگیی دەستووری. 

6. قەرەبووکردنەوە، جێبەجێکردنی ماددەی 132ـی دەستوور بۆ وەرگرتنی مافی یاسایی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال.

ئەم رێبازە نوێیەی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مه‌سرور بارزانی، هەوڵێکی بەردەوام و نەپساوەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی کاریگەر و خاوەن پێگەی دەستووری لە عێراقدا بمێنێتەوە، کە تێیدا پاراستنی بژێوی هاووڵاتیان، شایستە داراییەکان و سەقامگیریی هەرێم لە پێشینەی کارنامەی حکوومەتدایە.