ترەمپ: ئەگەری رێککەوتن یان جەنگ لەگەڵ ئێران "50 بە 50"یە

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند ئەمڕۆ لەگەڵ تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشنیازی ئێران. ئاماژەی بەوەش کردووە کە سبەی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات؛ یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی "باش" یان دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان و وێرانکردنی ئەو وڵاتە.

شەممە 23ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ترەمپ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) رایگەیاند، بارودۆخەکە لە بەردەم دوو بژاردەدایە و گوتی: "پێموایە یەکێک لەم دوو شتە روودەدات؛ یان زۆر بە توندی لێیان دەدەین کە پێشتر وایان لێ نەدرابێت، یان رێککەوتنێکی باش واژۆ دەکەین."

بڕیارە درەنگانی ئەمڕۆ شەممە، ترەمپ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، جارید کۆشنەر و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک کۆببێتەوە بۆ پێداچوونەوە بەو رەشنووسە نوێیەی کە لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئێران و پاکستان هاتووەتە کایەوە. هاوکات، بڕیارە ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەکۆمەڵ لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، میسر، ئوردن و تورکیا ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تاران و واشنتن لە قۆناغی کۆتایی گفتوگۆکاندان بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن (MOU). بەپێی گوتەی ئێرانییەکان، یاداشتنامەکە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:

- کۆتاییهێنان بە جەنگ.

- کردنەوەی پلەبەندیی تەنگەی هورمز.

- لادانی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.

- ماوەی 30 بۆ 60 رۆژ بۆ دانوستانی وردتر لەسەر رێککەوتنێکی گشتگیر.

ترەمپ جەختی کردووەتەوە، تەنیا ئەو رێککەوتنە قبووڵ دەکات کە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و پاشکۆی ئەتۆمی ئێران یەکلایی بکاتەوە.هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاندووە پێشکەوتن هەیە، بەڵام پێویستە ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت و تەنگەی هورمز بە تەواوی و "بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و سەرانەیەک" بکرێتەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئیسرائیل، ترەمپ رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نێوان بژاردەکاندا "دابەشبووە". بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەدەن، ناتانیاهۆ زۆر نیگەرانە لەم رێککەوتنەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت و داوای لە ترەمپ کردووە گەڕێکی دیکەی هێرشی سەربازی ئەنجام بدات.

عاسم مونیر سوپای پاکستان، دوای هەوڵێکی زۆر بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان، تارانای بەجێهێشت. پاکستان رایگەیاندووە، پێشکەوتنی بەرەو لێکتێگەیشتنی کۆتایی بەدی هاتووە. هاوکات وڵاتانی قەتەر، میسر، تورکیا و سعودیە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بە چڕی لەسەر هێڵ بوون بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان هەڵوێستەکانی تاران و واشنتن.