ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیکن

ئەکسیۆس: لایەنەکان خەریکی ئامادەکردنی رەشنووسێکی لێکتێگەیشتنن

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە رایدەگەیەنێت، ئیدارەی ترەمپ و ئێران زۆر نزیکن لەیەکگەیشتن بۆ رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و تەنیا هەندێک وردەکاریی تەکنیکی ماونەتەوە.

شەممە 23ـی ئایاری 2026، ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاگاداری وردەکاریی دانوستانەکانە، پێی راگەیاندووە: "ئیدارەی ترەمپ و کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و ئێستا زۆر نزیکن لە واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ."

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو جیاوازی و کەلێنانەی هێشتا لە نێوان هەردوولادا ماون، زیاتر پەیوەستن بە نووسینەوەی لێکتێگەیشتنەکە و شێوازی داڕشتنی هەندێک لە خاڵەکان، نەک ناوەڕۆک و بنەما سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە.

بەپێی راپۆرتەکەی واشنتن تایمز، تیمی باڵای دانوستانکاران کە پێکهاتوون لە محەمەدباقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، رەزامەندییان لەسەر رەشنووسەکە دەربڕیوە و ئێستا دەقەکە بۆ بڕیاری کۆتایی نێردراوە بۆ سەرکردایەتی هەردوو وڵات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دابوو کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، "هێرشی زۆر توند" دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئاماژەکان بەرەو چارەسەری دیپلۆماسی دەچن.

سەرەڕای گەشبینییەکان، هێشتا وردەکاریی چۆنیەتی چارەسەرکردنی هەندێک پرسی هەستیار روون نین، لەوانە:

1. بەرنامەی ئەتۆمی: ئەمریکا داوای رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەکەن.

2. تەنگەی هورمز: ئێران داوای وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان دەکات، بەڵام ئەمریکا جەخت لە کردنەوەی تەنگەکە بە تەواوی و بەبێ باج دەکاتەوە.

3. گەمارۆکان: ئێران داوای لادانی گەمارۆ ئابوورییەکان و ئازادکردنی بەشێکی زۆری پارە بلۆککراوەکانی دەکات.

لە واشنتن، نیشانەکانی رێککەوتن بەدی دەکرێن؛ جەی دی ڤانس بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە ئۆهایۆوە گەڕاوەتەوە بۆ واشنتن، و ترەمپیش بڕیارە پەیوەندی بە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بکات. لە تاران، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، رایگەیاند کە ڕەشنووسی کۆتایی لەژێر پێداچوونەوەدایە و لە هەفتەی رابردوودا دیدگاکان زۆر لە یەک نزیک بوونەتەوە.