باڵیۆزی ئێران لە پاکستان: نیشانەی ئەرێنی بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان هەن
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پاکستان، رایگەیاند کە دوای گەڕانەوەی وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران، نیشانەی ئەرێنی بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان و گەیشتن بە رێککەوتن بەدی دەکرێن. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر لایەنی بەرانبەر پابەند بێت، ناوچەکە بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام هەنگاو دەنێت.
شەممە 23ـی ئایاری 2026، رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پاکستان، لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد: "چەند خولەکێک لەمەوبەر، موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان دوای گەڕانەوەی لە تاران، پیرۆزبایی دەستکەوتەکانی دانوستانەکانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەمی لێ کردم."
موقەدەم ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا "گەشبینییەکی پارێزراو" هەیە بۆ ئەوەی هەنگاوێکی ئەرێنی بنرێت، بەو مەرجەی لایەنی بەرانبەر (ئەمریکا) بە رادەیەکی پێویست پابەندییەکانی جێبەجێ بکات. جەختی کردەوە کە ئەم پێشکەوتنانە دەرەنجامی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی ئێران و خۆڕاگریی هێزە چەکدارەکان و گەلی ئێرانە، لەگەڵ هەوڵە ماندوونەناسەکانی نێوەندگیری پاکستان.
باڵیۆزی ئێران سوپاسی قووڵی خۆی ئاراستەی حکوومەت و سوپای پاکستان کرد بۆ سەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە، بەتایبەتی سوپاسی شەهباز شەریف سەرۆکوەزیران و عاسم مونیر فەرماندەی سوپای کرد بۆ رۆڵی سەرەکییان لە نێوەندگیرییەکەدا. هەروەها دەستخۆشی لە ئیسحاق دار وەزیری دەرەوە و موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆ کرد بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان.
رەزا ئەمیری موقەدەم هیوای خواست کە ئەم دەرەنجامانە ببنە بنەمایەک بۆ بەدیهێنانی "ئاشتییەکی بەردەوام" لە تەواوی ناوچەکەدا.