کونسوڵی کۆماری ئازەربایجان لە ئێران گیانی لەدەستدا
کونسوڵی ئازەربایجان لە شاری تەورێزی ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە ئێران لە رووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستدا، بەرێوەبەری پۆلیسی شارەکەش دەڵێت "کونسوڵی ئازەربایجان بەهۆی قورسی برینەکانییەوە هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە".
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان لە راگەیەندراوێکدا و ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێران، لە زاری عەلی عەلیزادە باڵیۆزی ئازەربایجان لە تاران، هەواڵی مردنی رامیل رەزا ئۆغڵو عیمران، کونسوڵی وڵاتەکەی لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێران پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لە رێگەی خێرا جولفا – تەورێز، لە نزیک شاری مەرەند تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە.
هەر لە بارەی رووداوەکەوە، ئەحمەد کەرەمی ئەسەد بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی تەورێز رایگەیاندووە، کاتژمێر 12:50 خولەکی نیوەڕۆی دوێنێ شەممە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا سپۆرتاج بە ژمارەی دیپلۆماسی کۆماری ئازەربایجان لە نزیک مەرەند – جولفا لەگەڵ بارهەڵگرێکی ئامێرێکی میکسەر پێکیانداداوە بەهۆیەوە تاکە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە گیانی لە دەستداوە، بەڵام پۆلیسی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی رووداوەکە و بوونی گرفتی تەکنیکی و ئیستۆپی ئۆتۆمبیلەکە دەکات.
هەروەها ئاماژەیداوە، پێکدادانەکە زەبرێکی بەهێزی بە کیا سپۆرتاجەکە گەیاندووە و ئەنجامە بەراییەکانیش دەریانخستووە بەهۆی بەهێزی رووداوەکەوە، ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵی لە دەستداوە.
هەر بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی تەورێز، بە گوێرەی شیکارە تەندروستییەکانی تیمی پزیشکی کە چوونە سەر شوێنی رووداوەکە، گومان دەکەن بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، کونسوڵی ئازەربایجان کۆنترۆڵی لەدەستدابێت و تووشی ئەم رووداوە بووە، بەڵام بڕیارە ئەنجامی کۆتایی دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان رابگەیەندرێت.