رۆیتەرز: لە سوودان برسییەتی هەڕەشە لە ژیانی 20 ملیۆن کەس دەکات
لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی و پەین لە بازاڕە جیهانییەکان بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامیی شەڕی ناوخۆ، جووتیارانی سوودان هۆشداری لە پاشەکشەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی خۆراک دەدەن، ئەمەش بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس لەو وڵاتە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، جووتیاران لە سەرتاسەری سوودان رایدەگەیەنن، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و پەین لەسەر ئاستی جیهان کە دەرەنجامی گرژییەکانی پەیوەست بە ئێرانە، ناچاریان دەکات پڕۆسەی چاندن لەم وەرزەدا کەم بکەنەوە. ئەمەش رێگری لە بەرهەمهێنانی خۆراک دەکات لە وڵاتێکدا کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە تووشی برسێتییەکی توند بووە.
هەشت جووتیار لە ناوچە جیاجیاکانی سوودان و چەند پسپۆڕێکی کەرتەکە بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و پەین بووەتە بارگرانییەکی زۆر لەسەر ئەو کێشانەی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە دروستبوون، ئەمەش زیانێکی زۆر بە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و بەروبوومە هەناردەکراوەکانی وەک کونجی دەگەیەنێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوودان بە رێژەی زیاتر لە 50% پشت بە هاوردەکردنی پەین لە وڵاتانی کەنداو دەبەستێت، هەروەها بەهۆی شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF)، وڵاتەکە بە تەواوی پشت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی دەبەستێت.
ئێستا نزیکەی 19.5 ملیۆن کەس، کە دەکاتە زیاتر لە 40%ـی دانیشتووانی سوودان، رووبەڕووی قەیرانی برسییەتی بوونەتەوە و هەندێک ناوچەش لەژێر هەڕەشەی وشکەساڵیدا نین، بەڵکو لەژێر هەڕەشەی نەمانی خۆراکی هەمیشەییدان. سادق ئەمین، شارەزای رێکخراوی فاو (FAO) رایگەیاندووە کە رەنگە بەرهەمهێنانی گشتی "بە رێژەی کەمتر لە 40%" دابەزێت.
لە ناوچەی ئومدورمان، جووتیاران دەڵێن نرخی پەین بە رێژەی 67% و نرخی سووتەمەنی زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە و جووتیاران پێیان وایە کە هیچ قازانجێکیان بۆ نامێنێتەوە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە تەنیا 840 دۆنم لە کۆی 1680 دۆنم زەوی چێندراوە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی کشتوکاڵ لەو وڵاتەدا. جووتیارانیش سکاڵای ئەوە دەکەن کە حکوومەت بودجەی وڵاتی بۆ شەڕ تەرخان کردووە و هاوکاریی کەرتی کشتوکاڵ ناکات.
لە لایەکی دیکەوە، لە ناوچەکانی کۆردۆفان و دارفۆر، تێکچوونی باری ئەمنی و تاڵانکردنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی جووتیاران زەوییەکانیان بەجێبهێڵن. تەناتەت لە یەکێک لە کێڵگەکاندا، تراکتۆرەکان تاڵان کراون و کرێکارەکان ناچار کراون بەشداری لە شەڕدا بکەن.
بانکی کشتوکاڵیی سوودان کە بڕیارە هاوکاریی دارایی جووتیاران بکات، خۆی بەهۆی ململانێکانەوە تووشی قەیران بووە. بەڕێوەبەری بانکەکە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، هەوڵ دەدەن بە دابینکردنی پێداویستییەکان بە مەرجی باشتر، بارگرانی سەر شانی جووتیاران سوک بکەن، بەڵام جووتیاران دەڵێن نرخەکان زۆر بەرزن و بەرهەمەکانیان بە نرخێکی هەرزان لێ دەڕوات، ئەمەش قەرزارباری کردوون.
لە 15ـی نیسانی 2023 شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان روویدا، بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون و دەیان هەزار کەسیش کوژراون و بریندار بوون، هەروەها چەند جارێک بە ناوبژیوانی سعوودیە هەوڵی ئاگربەست درا بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.