ترەمپ سبەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ کابینەی حکوومەتەکەی دەکات
ترەمپ لەم خولەیدا تەنیا یەکجار چووەتە کەمپ دەیڤد، ئەویش پێش هێرشەکانی حوزەیرانی 2025 بوو
لە کاتێکدا دانوستانەکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد سەرۆکی ئەمریکا سبەی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و گرنگی کابینەی حکوومەتەکەی لە هاوینەهەواری مێژوویی "کەمپ دەیڤد" ئەنجام دەدات.
سێشەممە 26ی ئایاری 2026، بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاژانسی فرانس پرێسیی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سبەی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی گرنگی کابینەی حکوومەتەکەی لە هاوینەهەواری سەرۆکایەتی "کەمپ دەیڤد" دەکات. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە
هەڵبژاردنی "کەمپ دەیڤد" کە شوێنێکی دابڕاوە لە چیاکانی ماریلاند و ترەمپ زۆر بە دەگمەن سەردانی دەکات، گوزارشت لە هەستیاریی ئەو بابەتانە دەکات کە بڕیارە تاوتوێ بکرێن. رۆژنامەی (New York Post) بڵاوی کردەوە، پرسی ئێران و چارەنووسی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرە سەرەکییەکەی کۆبوونەوەکە دەبێت، هاوکات دۆخی ئابووریی ئەمریکاش یەکێکی دیکە دەبێت لە بەرنامەکانی کار.
ئەم شوێنە مێژوویەکی پڕ لە رووداوی دیپلۆماسیی گەورەی هەیە، لەوانە رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و میسر لە ساڵی 1978 لە سەردەمی جیمی کارتەر. ترەمپ زۆر حەزی بە سەردانیکردنی ئەو هاوینەهەوارە نییە، لەم خولی دووەمی سەرۆکایەتییەیدا تەنیا یەکجار پێشتر چووەتە ئەوێ، ئەویش تەنیا چەند رۆژێک پێش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە حوزەیرانی 2025.
ترەمپ رۆژی شەممە رایگەیاندبوو رێککەوتن لەگەڵ تاران نزیکە، بەڵام جەختی کردەوە کە دانوستانەکان هێشتا ئاڵۆزن و هۆشداریشی دا کە ئەگەر لایەنەکان نەگەنە ئەنجام، ئەوا هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەستپێدەکەنەوە. چاودێران پێیان وایە ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە دوا وێستگە بۆ بڕیاردان لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەم تەنگژە نێودەوڵەتییە.