سێنتکۆم دەنگۆیەک رەت دەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) نوێترین ئاماری ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی وڵاتەکەی بڵاو کردەوە و هاوکات ئەو هەواڵانەشی رەت کردەوە کە باس لە دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن لە گەرووی هورمز.

سێشەممە 26می ئایاری 2026، سێنتکۆم لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا، تا ئەمڕۆ توانیویانە ئاراستەی 108 کەشتی بازرگانی بگۆڕن تاوەکوو دڵنیاببنەوە لەوەی ئەو کەشتییانە پابەندی بڕیارەکانی گەمارۆکەن.

ئاماژە بەوەش دراوە، کەشتیی جەنگییەکانی "USS John Finn (DDG 113)" کە هەڵگری مووشەکی رێنماییکراوە، لە دەریا لە ئەرکێکی بەردەوامدایە بۆ چاودێریکردنی جووڵە دەریاییەکان و پشتیوانیکردنی گەمارۆکە.

لە لایەکی دیکەوە، سێنتکۆم بە فەرمی ئەو راپۆرتە میدیاییانەی رەت کردەوە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی کردووەتەوە بە یاوەریکردن یان یارمەتیدانی کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز.

سێنتکۆم رایگەیاندووە: "پڕۆژەی ئازادی دەستی پێنەکردووەتەوە و ئێستا هێزەکانی ئەمریکا یاوەریی هیچ کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا ناکەن."