سوپای پاسداران: دوای وەرگرتنی مۆڵەت 25 کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕین

هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند؛ لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 25 کەشتی جۆراوجۆر بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.

سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەشتیانەی تێپەڕیون پێکهاتوون لە تانکەری نەوت، کەشتی گواستنەوەی کۆنتێنەر و کەشتی بازرگانی. باسیان لەوەش کردووە کە تێپەڕبوونی ئەم کەشتیانە دوای وەرگرتنی مۆڵەت و هەماهەنگی بووە لەگەڵ هێزەکانی ئەوان، و پاراستنی پێویستیشیان بۆ دابینکراوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سوپای پاسداران بە شێوەیەکی چڕ چاودێری و کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکات. هەروەها هۆشدارییان داوە، هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ناوچەکە، بە وەڵامێکی زۆر توند و کوشندە رووبەڕوو دەبێتەوە.

ئەمیر ئیبراهیم رەسوڵی، راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبوو: "ئەمریکییەکان لە هەڵوێستەکانیان پاشەکشەیان کردووە". ئاماژەی بەوەش کردبوو، پێویستە کار بۆ چەند قۆناخێک بکرێت، لەوانە راگەیاندنی ئاگربەست لە هەموو بەرەکان و دروستکردنەوەی متمانە.